محەمەد سەڵاح چێڵسی گەڕاندەوە پێشەنگی پرێمەرلیگ

رووداو – هەولێر 

یانەی چێڵسی بە شێوەیەكی كاتی گەڕایەوە پێشەنگی خولی پرێمەرلیگی ئینگلتەرا، دوای تۆماركردنی سەركەوتنێكی ئاسان بەسەر یانەی ستۆك ستی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ بەرامبەر

یارییەكە لە یاریگەی ستامفۆرد برێدیچ، كە یاریگەی چێڵسییە ئەنجامدرا و گۆڵەكانی چێڵسی محەمەد سەڵاح، فڕانك لامپارد و ویلیان تۆماریانكرد.
ئەستێرەی یەكەمی یارییەكەش محەمەد سەڵاح بوو، كە گۆڵێگی تۆماركرد و دوو گۆڵیشی دروستكرد.

بەم ئەنجامە چێڵسی بە 72 خاڵ و بە شێوەیەكی كاتی گەڕایەوە پلەی یەكەمی ریزبەندی، پێش ئەوەی ئەمڕۆ لیڤەرپوول یارییەكەی بەرامبەر وێستهام یونایتد لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجام بدات، كە ئێستا بە خاڵێك كەمتر لە پلەی دووەمە.

هەر لە خولی ئینگلیزیدا یانەی مانچستەر یونایتد سەركەوتنێكی گەورەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا تۆماركرد و بە ئەنجامی 4-0 گۆڵ لە یانەی نیوكاسڵی بردەوە.

هەروەها مانچستەر سیتی بە ئەنجامی 4-1 گۆڵ لە ساوسهامپتۆنی بردەوە و 3 خاڵی دیكەی بەدەستهێنا.