هاری کەین: دوای ئەم یارییە وەرزەکەمان دەگۆڕێت


رووداو دیجیتاڵ

هاری کەین، هێرشبەری بایرن میونشنی ئەڵمانی، دڵخۆشی گەورەی خۆی بەسەرکەوتنی تیپەکەی بەسەر یانەی لازیۆ، بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ دەربڕی.
 
کەین دوو گۆڵی تۆمارکرد و پێشەوایەتی بایرنی کرد بۆ گەیشتنە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە، پاشئەوەی لە یاریی چووندا، بەگۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕابوو.
 
کەین لە لێدوانی پاش یارییەکەدا، دەڵێ، "شەوێکی نموونەیی بوو بۆ ئێمە، یارییەکی گەورەبوو، بێگومان ئەمە ساتێکی ناوازەیە بۆ ئێمە و وەرزەکەمان، ئاستێکی نایابمان هەبوو".
 
لەبارەی دۆخی بایرنەوە، ئەو دەڵێ، "ئێمە یاریزانان بەرپرسیارین، نەک تەنیا راهێنەرە، ئێمە دەبێ هەموو شتێک پێشکێش بکەین لەم پاڵەوانێتییەدا، چونکە شەوێکی لەمشێوەیە دەکرێ وەرزەکەمان بەتەواوی بگۆڕێت، من شانازی بەهاوڕێ یاریزانەکانەوە دەکەم، دەزانم ئێمە پێویستمان بەدووبارەکردنەوەی یاریی لەو شێوەیە هەیە".
 
بایرن میونشن لە بۆندێسلیگادا دووچاری کێشەی زۆربووەتەوە و لە پلەی دووەمە بە دووری دە خاڵ لە بایرلیڤەرکوزن کە پێشەنگی خولەکەی گرتووە.
 
بایرن پێشتر رایگەیاندووە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، تۆماس توخێلی راهێنەر لە مەشقدانی یانەکە دەڕوات. تاوەکو ئێستا دیار نییە کێ شوێنی ئەو راهێنەرە دەگرێتەوە لە مەشقدانی زەبەلاحەکەی باڤاریا.