مۆرینیۆ دەبێتە راهێنەری بارسێلۆنا؟ لاپۆرتا و مێندێز کۆدەبنەوە

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا، رایگەیاند خۆرخێ مێندێزی پۆرتوگالی، بەڕێوەبەری کاری یاریزانان، لە چەند کاژێری رابردوودا گەیشتووەتە بارسێلۆنا، بۆ ئەوەی لەگەڵ خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە کۆببێتەوە.
 
ئەو پیاوە پۆرتوگالییەکە بەڕێوەبەری کاری هەردوو یاریزان جواو کانسێلۆ و جواو فیلیکسە، کە بەخواستن یاری بۆ بارسێلۆنا دەکەن و لە یانەی مانچێستەر سیتی و ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە پەیوەندییان پێوەکردووە و تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە دەمێننەوە، مەگەر بارسا گرێبەستی خواستنەکانیان درێژبکاتەوە یان بەشێوەی هەمیشەیی گرێبەستییان لەگەڵ بکات.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، مێندێز لەگەڵ لاپۆرتا باسی چارەنووسی کانسێلۆ و فیلیکس دەکات، بەتایبەتی کە بارسا دەیەوێت بۆ هەمیشە گرێبەستییان لەگەڵ بکات.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەنێو ئەو دۆسیانەی دیکەدا کە پێدەچێت باسی بکەن، دۆسیەی ئەلیخاندرۆ بالدی، بەرگریکاری لاوی چەپی بارسایە، کە ئەگەر دەستەوارەیەکی گەورەی بۆ بێت، لاپۆرتا ئامادەیە بیفرۆشرێت.
 
مۆندۆ دەپرسێت، جگە لە یاریزانەکان، پێویستە بزانرێت ئایا مێندێز هیچ راهێنەرێک پێشکێشی لاپۆرتا دەکات بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو سەرکردایەتی بارسێلۆنا بکات؟.
 
ئەو راهێنەرانەی، مێندێز بەڕێوەبەری کارەکانیانە، بریتین لە لە سێرجیۆ کۆنسێسکاوی راهێنەری ئێستای یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالی و خۆسێ مۆرینیۆی راهێنەری پێشووی یانەی رۆما، ریال مەدرید، چێڵسی و ئینتەرمیلان.