لێدوانی راهێنەران.. ئەنچێلۆتی ئەرکی یانەکەی بە قورس دەزانێت و رۆزیش بێمنەتە

06-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی مارکۆ رۆز لێدوانی راهێنەران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شانزدەی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، میوانداریی یانەی لایپزیگی ئەڵەمانی دەکات، کە لە یاریی چووندا ریال مەدرید بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو.
 
راهێنەری هەردوو یانە بەشدارییان لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا کرد و قسەیان لەبارەی یارییەکەوە بۆ رۆژنامەڤانان کرد، کە ئەمە پوختەی قسەکانیانە:
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید:
 
نامەوێت باسی کارتە سوورەکەی بێلینگهام بکەم، یاریزانێکە هەمیشە باشترین ئاستی پێشکێش دەکات و لە دۆخێکی نایابدایە. سەبارەت بە کارتە سوورەکە، پێموایە بڕیارێکی هەڵە بوو، چونکە بەڕاستی بێزاربوو، بەڵام سووکایەتی بە کەس نەکرد.
 
ئایا من ئارامم؟ هەرگیز پێش یارییەکی لەم شێوەیە ئارام نابم، کە زۆر شتی مەترسیداری تێدایە، پێویستە کار بۆ بەدیهێنانی خەونی مانەوەمان لەم رکابەرییەدا بکەین، کە لە رابردوودا زۆر سەرکەوتوو بووینە. پێش یاری هەرگیز بیر لە ناوبژیوان ناکەمەوە، بەڵام حەزدەکەم دوای یارییەکەش بیر لە ناوبژیوان نەکەمەوە، بە تایبەتی دوای یارییەکە.
 
یاریی یەکەم بۆ ئێمە قورس بوو، ئەوان هەلی زۆریان هەبوو، لونین زۆر باش یارییکرد، بێگومان دەتوانین لەو لایەنەدا باشتریش بین. لە هەڵگەڕانەوە لە بەرگری بۆ هێرشبردن مەترسیدار بووین. ئەمجارە یارییەکی جیاواز دەبێت، ئەوان دەتوانن باشتر لە ئێمە هێرشی هەڵگەڕاوە جێبەجێ بکەن، ئێمەش پێویستە مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا بکەین، ئەوان زۆر مەترسیدارن و دەبێت لە رووی بەرگرییەوە باش مامەڵە بکەین، ئەوە زۆر گرنگ دەبێت.
 
 
مارکۆ رۆز، راهێنەری یانەی لایپزیگ:
 
ئێمە باوەڕمان بەخۆمان هەیە و هیچ ترسێک بە خەیاڵماندا ناهێت، بەڵکو بەدڵخۆشی و بە باوەڕێکی تەواو بەوەی کە دەتوانین ئەنجامێکی ناوازە بەدەستبهێنین دەچینە یارییەکە، پێویستمان بە ئاستێکی باش و هەندێک لە بەخت هەیە، بەڵام دەتوانین ئەوە بکەین. لە یاریی چووندا سەلماندمان کە ئێمە لەگەڵ ریال مەدرید هاوتاو و یەکسانین.
 
جود بێلینگهام یاریزانێکی سەرسوڕهێنەرە، خاوەنی کەسایەتییەکی سەرسوڕهێنەرە، ئەو جەنگاوەرێکە دەتوانێت لە هەموو یارییەکدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. هەمیشە هەنگاوێک لەپێشەوەیە، رۆڵێکی گرنگی هەیە لە ریال مەدرید، لە ساڵی یەکەمیدا سەلماندی کە لە ریال مەدرید سەرکردەیە.  بە یاریزانەکانم گوت کە جود زیادەیەک دروست دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە