رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنای ئیسۆانی بەدوای راهێنەرێکدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی لە دوای کۆتاییهاتنی ئەم وەرزە لە شوینی چاڤی هێرناندێز، پۆستی راهێنەرایەتیی یانەکە وەربگرێت، میدیای ئیسپانیاش ناوێکی سەرنجڕاکێش بۆ ئەو پۆستە ئاشکرا دەکات.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری رێلیڤۆی ئیسپانی یانەی بارسێلۆنا پەیوەندیی بە میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵەوە کردووە، بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتیی یانەکە وەربگرێت.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، بارسێلۆنا پێی وایە ئارتێتا راهێنەرێکی گونجاوە، بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتیی یانەکە، بەتایبەت کە ئەنجامەکانی لەگەڵ یانەی ئارسیناڵ زۆر سەرنجڕاکێشن و لەگەڵ یانەکە کارێکی باش دەکات.
رێلیڤۆ دەڵێت "هەریەکە لە خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا و دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە زۆر سەرسامن بە کەسایەتی و کارەکانی ئارتێتا و دەیانەوێت لە داهاتوودا، راهێنەرایەتیی یانەکە بکات، سەرەڕای ئەوەی دەزانن کە گرێبەستکردن لەگەڵ راهێنەرە ئیسپانییەکە ئاسان نییە.
ئارتێتا لەگەڵ ئارسیناڵ بە کاتێکی باشدا تێدەپەڕێت، یانەکەی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ دەکات و گرێبەستەکەشی تاوەکو هاوینی 2025 لەگەڵ لەندەنییەکان بەردەوامدەبێت، بەمەش ئەرکی بارسێلۆنا بۆ رازیکردنی ئەو راهێنەرە ئاسان نابێت.
هەرچەند پێشتر دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا رایگەیاندبوو، گفتوگۆیان لەبارەی راهێنەری داهاتووی یانەکەوە نەکردووە و کاتێکی زۆریان لەبەردەمە، بەڵام میدیای ئیسپانیا باس لە چەند بەربژێریک دەکات بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتیی یانە کەتەلۆنییەکە، لەوانەش هانز فلیک، راهێنەری پێشووی یانەی بایرن میونشن، رافایێل مارکێز، یاریزانی پێشووی یانەکە، رۆبێرتۆ دی زێربی، راهێنەری برایتن، تۆماس توخێل، راهێنەری ئێستای بایرن میونشن و تیاگۆ مۆتا، راهێنەری یانەی بۆلۆنیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ