رووداو دیجیتاڵ
ئۆلێ گونار سۆڵشایەر، راهێنەری پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی باس لە گۆڕینی شێوازی یارییکردنی یانەکەی دوای گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات.
سۆڵشایەر لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا باس لە نهێنییەکانی پشت گەڕانەوەی رۆناڵدۆ بۆ مانچێستەر یونایتد دەکات و دەڵێت "روون بوو کە ئەو دەیویست لە یانەی یوڤێنتوس بڕوات و چەند یانەیەک لەو کاتەدا ئەویان دەویست، ئەو کاتە کارگێڕیی یانەکە پرسیاری ئەوەی لێکردم ئایا دەمەوێت ئەوە تاقیبکەمەوە و رۆناڵدۆ بگوازینەوە، منیش راستەوخۆ رازیبووم، چونکە سەرەڕای ئەوەی تەمەنی 37 ساڵ بوو کوالێتی گۆڵکردنیم دەزانی."
راهێنەری پێشووی مانچێستەر یونایتد زیاتر دەڵێت "جۆش و خرۆشت زیاتر دەبێت، کاتێک باشترین گۆڵکاری جیهانت هەبێت، بەڵام شتەکان بۆ ئەو بەباشی نەرۆیشتن، هەرچەند بڕیارەکە بۆ ئەو کاتە دروستبوو."
ئۆلێ گونار سۆڵشایەر باس لەوە دەکات بەهۆی گواستنەوەی رۆناڵدۆوە ناچاربووە هەندێک گۆڕانکاری لە شێوازی یارییکردنی تیەکەیدا بکات بۆ ئەوەی زیاتر سوود لە یاریزانەکە وەربگرێت، کە پێش هاتنی ئەو یەکێک بووین لەو تیپانەی زۆر گوشارمان دەکرد، بەڵام دوای ئەوە شتەکە پێچەوانە بووەوە.
راهێنەری پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە ساڵی 2018 پێشنیازی بۆ یانەی مانچێستەر یونایتد کردووە، گرێبەست لەگەڵ ئێرلینگ هالاند بکەن، کە ئەو کاتە نرخەکەی 20 ملیۆن یۆرۆ بوو، بەڵام کارگێڕیی یانەکە داواکاریکەمی رەتکردەوە.
سۆڵشایەر، لە 2018 تاوەکو 2021 راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد بوو، لەگەڵ ئەو یانەیە لە 168 یاریی سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 91 یاریی بردەوە، 37 یەکسانبوون و 40 دۆڕانی هەبوو و رێژەی بردنەوەکانی 54٪ بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ