فەرمی.. بێلینگهام سزادرا


رووداو دیجیتاڵ
 
جود بێلینگهام، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید بەهۆی رووداوەکانی دوای یارییەکەیان بەرامبەر ڤالێنسیا سزادرا و بۆ دوو یاریی راگیرا.
 
لیژنەی تەمبێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، دوای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی دوای یارییەکەی ڤالێنسیا و ریال مەدرید کە بەیەکسانبوون بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات، بڕیارییدا جود بێلینگهام بۆ دوو یاری رابگیرێت، بەمەش یاریزانەکە بەرامبەر هەردوو یانەی ئۆساسۆنا و سێلتا ڤیگۆ یاریی ناکات.
 
جگە لەوە یاریزانەکە بە 600 یۆرۆ و ریال مەدریدیش بە 700 یۆرۆ سزادران.
 
ئەم بڕیارەی لەبارەی سزادانی یاریزانە ئینگلیزییەکەوە دراوە، یانەی ریال مەدرید دەتوانێت تانەی لێبدات و داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکە بکات.
 
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی ڤالێنسیا و ریال مەدرید لە لالیگادا، خیل مانزانۆ، ناوبژیوانی یارییەکە لە کاتی هێرشێکی ریال مەدریددا یارییەکەی تەواوکرد، دوای ئەوە بێلینگهام گۆڵێکی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد، بەڵام گۆڵەکە هەژمارنەکرا، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری یاریزانانی یانەی شاهانەی لێکەوتەوە.
 
دوای رووداوەکان، ناوبژیوانی یارییەکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو، کە بێلینگهام بەهۆی مانەوەی لە یاریگەدا و پێشاندانی ناڕەزایەتی و دووبارەکردنەوەی "گۆڵێکی ئابڕووبەرانەیە" بە کارتی سوور کراوەتە دەرەوە.
 
بەو هۆیەوە لیژنەی تەمبێکاری لالیگا بڕیارییدا یاریزانە ئینگلیزییەکە بۆ دوو یاری سڕبکرێت.