رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یادی 122 ساڵەی دامەزراندنی یانەی ریال مەدریدە، یانەکە بەو بۆنەیەوە راگەیێنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "122 ساڵی ئەفسانەیی."
ریال مەدرید لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت "تەمەنی ریال مەدرید بووە 122 ساڵ، لە 6ـی ئاداری 1902 یەکەم ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید هەڵبژێردرا، ئەمە بووە سەرەتایەکی ئەفسانەیی بۆ یانەکە، دوای 122 ساڵ، ریال مەدرید بووەتە مەرجەعی وەرزش لە جیهاندا، بەبردنەوەی 25 نازناوی ئەوروپی، 14 لە تۆپی پێ و 11 لە باسکەدا، هەروەها لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانەوە وەکو باشترین یانەی سەتەی 20 هەڵبژێردراوە."
یانە ئیسپانییەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە ساڵی رابردوودا ریال مەدرید 5 نازناوی سەرنجڕاکێشی بەدەستهێنا، لەنێویاندا نازناوی یازدەیەمی باسکەی ئەوروپا، کە ئەوە لەبیر نەکراوە و لە ماوەی تەنیا سێ چرکەدا بەرامبەر ئۆڵیمپیاکۆس مێژوومان تۆمارکرد، جگە لەوەش ریال مەدرید جامی شای بەرامبەر ئۆساسۆنا بردەوە، جامی سوپەری بەرامبەر بارسێلۆنا بەدەستهێنا، لە باسکەدا یانەکە نازناوی 29ـەمی جامی شای بردەوە و جامی سوپەری ئیسپانیاشی بەدەستهێنا.
ریال مەدرید لە راگەیێنراوەکەیدا ئەستێرە بەنێوبانگەکانی بەبیر دەهێنێتەوە و دەڵێت "لە سەردەمی سانتیاگۆ بێرنابیۆدا وەکو سەرۆکی یانەکە ئەستێرەکانی وەکو دێستیفانۆ، خێنتۆ، پوشکاش، کوبا و سانتاماریا، ریال مەدرید 5 نازناوی جامی جامەکانی ئەوروپای بەدوای یەکدا لە 1956 تاوەکو 1960 بەدەستهێنا، لە 1966 یانەکە گەیشتە نازناوی ژمارە شەش، لەگەڵ ئەستێرەکانی وەکو ئامانسیۆ و پیری کە لە پێکهاتەی سەرەکیدابوون، کە لە 11-11-2023 خۆسێ مارتینێز پێری، وەکو سەرۆکی شانازیی ریال مەدرید لەلایەن دەستەی گشتیی یانەکەوە هەڵبژێردرا."
دوای سەرکەوتنەکانی ئەم دواییە، ریال مەدرید دەستکەوتی سەرسوڕهێنەری بەدەستهێناوە، 14 نازناوی چامپیۆنزلیگ، 8 نازناوی جامی جیهانی یانەکان، 5 نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا، 2 نازناوی جامی یەکێتیی ئەوروپا، 35 نازناوی لالیگا، 20 نازناوی جامی شا، 13 نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا و جامی لالیگا، 2 نازناوی جامی لاتینی، 2 نازناوی جامی ئیبرۆی ئەمریکی.
ریال مەدرید لە راگەیێنراوەکەیدا دەستکەوتنی تیپی باسکەی یانەکەی لەبیر نەکردووە و نووسیوویەتی " لە بەشی باسکەدا، ریال مەدرید خاوەنی 11 نازناوی ئەوروپییە، 36 نازناوی خولی ناوخۆ، 29 نازناوی جامی شا، 10 جامی سوپەری ئیسپانیا، 5 نازناوی ئینتەرکۆنتێنتال، 5 نازناوی جامی جامەکانی ئەوروپا، جامی کوراک.
ریال مەدرید ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە ساڵی 2020ـەوە تیپی تۆپی پێی خانمان و تیپی لاوان بەشێکن لە مێژووی یانەکە.
یانەی شاهانە باس لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەکات و دەڵێت "کارکردن بەردەوامە بۆ ئەوەی یاریگەکە ببێتە ئایکۆنێکی جیهانی، سەرۆکی یانەکە فلۆرێنتینۆ پێرێز لە ماوەی رابردوودا باسی لە گرنگی یاریگە نوێیەکە کرد و گوتی "شانازییە بۆ هەموو مەدریدێستەکان، ئەمە بەشێکە لە ژیانمان، ئەوە دەبێتە بەهێزترین هاوپەیمانمان بۆ گەیشتن بە هەموو خەونەکانمان، یاریگەی نوێی سانتیاگۆ بێرنابیۆ مێژووی ریال مەدرید دەگۆڕێت، جگە لەوەش یانەی ریال مەدرید باشی شاری وەرزشیی جیهانە و لە دوای 18 ساڵ لە کرانەوەی بەردەوامدەبێت لە گەشەکردن."
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەیدا ریال مەدرید نووسیوویەتی "ریال مەدرید یادی 122 ساڵەی دامەزراندنی پیرۆز دەکات، دامەزراوەی ریال مەدرید لە 100 وڵات ئامادەیە، یارمەتی باشترکردنی زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو کەسی داوە، ئەمەش لە رێگەی کردنەوەی 1000 پڕۆژە و نزیکەی 450 قوتابخانەی وەرزشی لە سەرجەم کیشوەرەکاندا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ