ئەگەری هەیە ئەنچێلۆتی زیندانی بکرێت

06-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید هەڕەشەی زیندانیکردنی لەسەرە، بەهۆی ئەوەی خۆی لە دانی باج دزیوەتەوە.
 
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پرسی خۆ دزینەوەی ئەستێرەکان لە دانی باج لە ئیسپانیا بووەتە مژارێکی گەرم و چەندین یاریزانی بەنێوبانگ بەو هۆیەوە رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە، لەوانەش لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەر لەوەی لە ئیسپانیا بڕۆن.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە پێشهاتێکی نوێدا دەڵێت "نووسینگەی داواکاریی گشتی مەدرید، داوای زیندانیکردنی کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دەکات بۆ ماوەی 4 ساڵ و 9 مانگ، بەهۆی ئەوەی خۆی لە دانی باج بە خەزێنەی گشتی شاردووەتەوە."
 
داواکاری گشتیی مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، ئەنچێلۆتی بەوە تۆمەتبار کردووە، کە لە نێوان 2014 و 2015 یەک ملیۆن یۆرۆ باجی لەسەر بووە و نەیداوەتە حکومەت، کە ئەو کاتە راهێنەرایەتیی ریال مەدریدی دەکرد.
 
بۆ ئەوەی سزای زیندانیکردنی لەسەر لابدرێت، پێویستە کارلۆ ئەنچێلۆتی ئەو پارەیە بداتە خەزێنەی گشتی ئیسپانیا، یانیش رێککەوتنێکی دۆستانە بکات.
 
داواکردنی زیندانیکردنی کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لەکاتێکدایە راهێنەرەکە ئێستا بۆ جاری دووەم وەکو راهێنەری ریال مەدرید لەگەڵ یانەکە کاردەکات و گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2026 نوێکردووەتەوە.
 
جگە لە مێسی و رۆناڵدۆ، پێشتر نەیمار داسیلڤا، چابی ئەڵۆنسۆ، لوکا مۆدریچ و چەندین ئەستێرەی دیکەش بەهۆی خۆ شاردنەوە لە دانی باج بانگهێشتی دادگا کراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە