رووداو دیجیتاڵ
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بەسەرکردایەتیی کیلیان ئێمباپێ گەیشتە قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و لویس ئێنریکێش ستایشی ئەستێرە فەرەنسییەکە دەکات.
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگدا، پاریس سانجێرمان لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ریال سۆسیداد یاریی کرد، یانە فەرەنسییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا و هەردوو گۆڵەکەی پاریس سانجێرمان لەلایەن کیلیان ئێمباپێوە تۆمارکران.
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە و گەیشتنیان بە قۆناخی هەشت، لویس ئێنریکێ، راهێنەری پاریس سانجێرمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "هەست بەدڵخۆشی دەکەم و رازیم، پێموایە ئاستی تیپەکە بەدرێژایی ئەم وەرزە باشبووە، ئەگەر بمێنێتەوە و بە ورە بەرزی و ویستی بردنەوەی هەموو یارییەک بچینە نێو یاریگە."
راهێنەری پاریس سانجێرمان زیاتر گوتی "ئاستێکی باشمان پێشکێشکرد و ریال سۆسیدادمان لە قۆناخی هەشت بێبەشکرد، هەموو شتێک بەباشی بەڕێوەچوو، مامەڵەی یاریزانەکان زۆرباشبوو و ئێمەش دڵخۆشین."
لەبارەی ئەگەری رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ کە تیپەکەی ئاگادارکردووەتەوە لە کۆتایی وەرزدا دەڕوات، لویس ئێنریکێ بە رۆژنامەڤانانی گوت "پێویست ناکات کیلیان ئێمباپێ بەڕێوەببەم، ئەو خۆی بەرێوەدەبات، لە یارییەکەدا رەنگە لە شوێنیکی جێگیردا بەشێوەیەکی جیاواز یارییکردبێت، کە هەمیشە لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکاندا گوتوومە ئەو ئازادە بۆ هەر شوێنێک کە بیەوێت بجوڵێت، لە یارییەکەی ئەمجارەدا لە باڵی چەپ دەرکەوت، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندی تیپەکەدا بوو."
راهێنەرە ئیسپانییەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "لە سێیەکی کۆتاییدا ئەو بەباشی ئێمەی هێشتەوە، کاتێک ئەو لە سێیەکی کۆتاییدا لە کاتی خۆیدا بێت کۆشندەیە."
ئێنریکێ هێشتا قسەیکرد و گوتی "ئێمباپێ ژمارە یەکی جیهانە، بەردەوامدەبێت لە گەیشتن بە تۆمارکردنی 50 گۆڵ و دروستکردنی 25 ئاسیست لە هەر تیپ و یانەیەک بێت، روونە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو لە دەرەوەی پاریس سانجێرمان دەبێت، بۆیە دەبێت بژاردەی دیکە هەڵبژێرێن و پشت بە هاوڕێکانی دیکەی ببەستین."
ئێنریکێ باس لە هەلی بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ دەکات و دەڵێت "هیچ کەسێک هێندەی من ئارەزووی بردنەوەی نازناوەکە ناکات، هیچ یانەیەکی دیکە لەو 8 یانەیەی سەردەکەون هێندەی پاریس سانجێرمان نایانەوێت نازناوەکە ببەنەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک هەست بە گۆشار ناکەین، ئێمە هەرگیز چامپیۆنزلیگمان نەبردووەتەوە، بۆیە دەبێت لە یاریزانانی تیپی بەرامبەر بپرسیت ئایا دەیانەوێت بەرامبەر پاریس سانجێرمان یاری بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ