یاریزانێکی بێتیس: ئەوەی بەرامبەر ڤینیسیۆس دەکرێت، خەتای خۆیەتی

06-03-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئایتۆر رۆیبال، ئەستێرەی یانەی ریال بێتیسی ئیسپانی، گوتوویەتی جەماوەر ناهەقیان نییە کە قسە بە ڤینیسیۆس دەڵێن و سووکایەتی پێدەکەن و دەماری دەگرن.
 
دوێنێ شەو، لە یاری نێوان ریال بێتیس و ریال مەدرید، لە هەفتەی 26ی خولی لالیگا، لە یارییەکدا کە هەردوو یانە بەبێ گۆڵ تێیدا یەکسانبوون، ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی ریال مەدرید، جارێکی دیکە دووچاری کێشە و گرفت بوو لەگەڵ یاریزانان و هاندەرانی بێتیس.
 
ئایتۆر رۆیبال، لەبارەی رووداوەکانی نێو یارییەکەوە قسەیکردووە، ئەو دەڵێ، "جەماوەر ناهەقیان نییە کە لەگەڵ ڤینیسیۆسدا وا دەکەن، چونکە ئەو خۆی هۆکاری ئەو دۆخەیە".
 
رۆیبال زیاتر گوتوویەتی، "هەمیشە ڤینیسیۆس لە یارییەکاندا دەکەوێتە دەمەقاڵە و مشتومڕ لەگەڵ هاندەران. لە یارییەکەدا چەند جارێک لێیەوە نزیک بووم، بەردەوام قسەی لەگەڵ هاندەرانی سەر پەیژەکان دەکرد و وەڵامی دەدانەوە، لەبەرئەوە ئاسایی و لۆژیکییە کە ئەوانیش ئەوەی لەگەڵدا بکەن کە روودەدات".
 
رۆیبال، دەڵێ، "ئەوەی بەسەر ئەودا دێت، رووبەڕووی هەموو یاریزانێک دەبێتەوە. بچێتە لای هاندەرانی هەر یانەیەک و بەرەو روویان ببیتەوە بەدڵنیاییەوە سووکایەتیت پێدەکەن و بەدرێژایی یارییەکە واز لەو کارە ناهێنن، چونکە هاندەران دەیانەوێت تۆ بێزار بکەن کاتێک بەرامبەر تیپەکەیان یاریدەکەیت. ئەوەی ئەوان دەیکەن لەگەڵ هەندێک یاریزاندا سەرناگرێت و لەگەڵ هەندێکی دیکەدا سەردەگرێت، وەکئەوەی ڤینیسیۆس دەیکات".
 
لە یارییەکەی دوێنێ شەودا، ڤینیسیۆس جارێکی دیکە رووبەڕووی تووندوتیژی یاریزانانی ریال بێتیس بووەوە، رۆیبال دەڵێ، "ئەوە شێوازی یاریکردنی ئەوە و ئەوەش شتێکی ئاساییە، بەڵام ئەو خۆی دەبێ مامەڵە لەگەڵ ئەو لێدانانە بکات کە رووبەڕوویان دەبێتەوە، ئەو یاریزانێکە هەمیە هەوڵی تێپەڕاندنی یاریزانانی دیکە دەدات و زۆر رووبەڕوویان دەبێتەوە".
 
لە دوای یارییەکەی دوێنێ شەوەوە، ریال مەدرید بە جیاوازیی نۆ خاڵ، کەوتە دوای بارسێلۆنای پێشەنگی لالیگا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە