سەرۆکی ئامەدسپۆر بۆ رووداو: ئێمە لە کەس ناترسین

06-03-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سەڵاحەدین یەڵدرم ئامەدسپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان لەبارەی رووداوەکانی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی بورساسپۆر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیایان لە رووداوەکان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام هیچیان پێنەکراوە."
 
لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ئامەد، سەڵاحەدین یەڵدرم، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر بۆ رووداو قسەیکرد و گوتی " کاتێک رووداوەکانی یارییەکەمان بەرامبەر یانەی بورسا روویاندا، پەیوەندیمان بە جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا کرد، دوای ئەوەی نەمانتوانی بگەینە سەرۆکی فیدراسیۆنەکە، جێگری سەرۆک لە دەرەوەی وڵات بوو و هەوڵیدا چارەسەری کێشەکان بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و هیچی پێنەکرا."
 
سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر زیاتر گوتی " پێویستبوو یارییەکە نەکرابا، هیچ گەرەنتییەک بۆ سەلامەتی یاریزانەکان نەبوو، پێویست بەبێ هاندەر بەڕێوەچووبا یانیش دواخرابوو، بەڵام ئەمە نەکرا، ئێمە لە کەس ناترسین و بیرمان لەوە نەکردەوە کە لە یارییەکە بکشێینەوە."
 
سەڵاحەدین بە رووداوی گوت " دوای رووداوەکان هەموو یانەکان پەیوەندییان پێوەکردین و پاڵپشتیی خۆیان بۆ تیپەکەمان دووپاتکردەوە، تەنیا یانەی بورساسپۆر نەبێت کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نەکرد."
 
سەرۆکی ئامەدسپۆر لەبارەی پێشوازییان لەلایەن هاندەرانەوە دەڵێت " ئەم پێشوازییە گەورەیەی هاندەرانی ئامەدسپۆر دەرخەری پاڵپشتیی ئەوانە و ئەوان یانەکە بە یانەی خۆیان دەزانن، ئەوەی روویداوە خزمەتی ئاشتی و برایەتی و هیچ شتێک ناکات، کە هەرگیز ئێمە لەگەڵ رووداوی لەو شێوەیەدا نین."
 
رۆژی یەکشەممە لە رکابەرییەکانی خولی پلە دووی تورکیا، یانەی ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی بورساسپۆر یارییکرد، بەر لە یارییەکە و کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکەش لەلایەن هاندەرانی بورساسپۆرەوە هێرشکرایە سەر یاریزانانی یانەی ئامەدسپۆر و دروشمی رەگەزپەرستیان لە دژی یاریزانانی یانەکە دەگوتەوە، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە ئامەدسپۆر ئاستی راستەقینەی خۆی پێشکێش نەکات و یارییەکەی بە 1-2 دۆڕاند.
 
ئەمڕۆ دووشەممە یانەی ئامەدسپۆر گەڕایەوە شاری ئامەد و لەلایەن هەزاران هاندەری یانەکەوە پێشوازیی لێکرا و پاڵپشتیی خۆیان بۆ تیپەکە دووپاتکردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە