ڤیدیۆ؛ دێربیی مانچێستەر.. مان سیتی لە بارودۆخێکی ئاڵۆزدا بەرامبەر مان یونایتد یارییدەکات

06-03-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
دێربیی مانچێستەر
دێربیی مانچێستەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چاوەکان ئەم ئێوارەیە لە مانچێستەر دەبن، بۆ بینینەوەی دێربییەکی دیکە، لەنێوان هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی رکابەر لەسەر بردنەوەی نازناوەکە و مانچێستەر یونایتدی برسی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ئەنجامە باشەکان و گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ.
 
یارییەکە لە یاریگەی ئیتیحاد دەکرێت، سیتی چەندە پێویستی بەبردنەوەیە بۆ پارێزگاریکردن لە پێشەنگی ریزبەند و هەنگاونان بەرەو بردنەوەی نازناوێکی دیکەی خولەکە، مانچێستەر یونایتدیش هێندە پێویستی بەبردنەوەی سێ خاڵە بۆ هەنگاونانی زیاتر لە پلەکانی پێشەوە و بەدەستهێنانی بلیتێکی چامپیۆنزلیگ، بەتایبەت کە دۆڕان لە یارییەکەدا یونایتد، رۆناڵدۆ و رانگنیکیش دەخاتە بارودۆخێکی زۆر خراپەوە و لە ریزبەندەکەشدا دەکرێت هەنگاوەکانی بەرەو دواوە بن.
 
مانچێستەر سیتی بۆ ئەم یارییە گرنگە لە تواناکانی رۆبن دیازی سەرکردەی هێڵی بەرگری بێبەش دەبێت، ئەمەش کەلێنکی گەورە لە پلانەکانی گواردیۆلادا دروستدەکات، مان یونایتد بەسەرجەم یاریزانەکانییەوە ئامادەیە.
 
ئامار و مێژووی چەند ساڵی رابردووی نێوان سکای بلۆز و رێد دیڤڵز لە بەرژەوەندی مان یونایتدە، ئاخر ئەوان سەرەڕای ئەوەی بەربژێری لە پێشینە نین بۆ بردنەوەی یارییەکە، لە 6 یارییدا لەو کاتەوەی گواردیۆلا بووەتە راهێنەری مان سیتی 4 یارییان بردووەتەوە، تەنیا یەکجار دۆڕان و لە یارییەکیشدا یەکسانبوون.
 
جگە لەوەش مان یو تەنیا یەک گۆڵی لێکراوە و 5 گۆڵی لەو شەش یارییەدا کردووە، لە دوایین 3 یاریشدا لە یاریگەی ئیتیحاد نەدۆڕاون، بەڵام ئەمانە هەمووی بوون بە رابردوو و ئەم ئێوارەیە پلانەکانی پێپ و راڵف یەکلایدەکەنەوە مان سیتی زیاتر لە نازناوەکە نزیکدەبێتەوە و مان یونایتد هەنگاوەکانی بۆ دواوە دەبێت، یان رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی قسەیەکی دیکەیان دەبێت و خزمەتی خۆیان و لیڤەرپوولی دووەم دەکەن.




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە