ڤیدیۆ؛ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا مۆلەر بەهەڵە گۆڵی لە خۆیان کردەوە


رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا تۆماس مۆلەر، بەهەڵە گۆڵێکی لە خۆیان کردەوە و بووە هۆکاری ئەوەی یانەی بایرن میونشن لەگەڵ بایرلیڤەرکوزن یەکسانببێت.
 
لە رکابەرییەکانی خولی ئەڵمانیا و لە گەڕی 25ـی خولەکەدا، بایرن میونشن لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر بایر لیڤەرکوزن یارییکرد، هەردوولا بە گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان یەکسانبوون.
 
لە خولەکی 18 نیکلاس زولێ بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ باڤارییەکان تۆمارکرد، بەڵام هەر لە نیوەی یەکەمدا لە خولەکی 36 تۆماس مۆلەر بۆ یەکەمجار لە مێژووی کاروانی یارییکردنیدا گۆڵێکی لە خۆیان کردەوە و ئەنجامەکەی بۆ بایرلیڤەرکوزن یەکسانکردەوە.
 
دوای ئەم دوو گۆڵە چەند هەلێکی دیکە بۆ هەردوولا رەخسان، بەڵام هیچ یەکێکیان سوودیان لێ نەبینی و یارییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەر لایەک کۆتاییهات.
 
دوو یارییە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی نەیتوانیوە گۆڵ تۆماربکات، کە ئەمە یەکەمجارە دوای 17 مانگ ئەمە روودەدات.
 
بایرن میونشن 59 خاڵی هەیە و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە، بایرلیڤەرکوزن لە پلەی سێیەمە بە 45 خاڵ.