رووداو دیجیتال
یارییەکانی گردبوونەوەی دووەمی قۆناخی پێشکۆتایی خولی نایابی بالەی عێراق بە بردنەوە بەردەوامەکانی یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی و بەحری دەستپێکرد.
یارییەکانی گردبوونەوەی یەکەمی قۆناخی پێشکۆتایی خولەکە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، یارییەکانی گردبوونەوەی دووەمیش لە هۆڵەکانی کۆلیژی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی سەڵاحەدین و ئەکاد عەنکاوە بەبەشداری یانەکانی هەولێر، پێشمەرگەی سلێمانی، بەحری، شورتە، جەیش، غازی باشوور، سناعە، حەبانییە بەڕێوەدەچێت.
لە یارییەکانی دەسپێکدا یانەی پێشمەرگەی سلێمانی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامبوو، ئەمجارەیان لە ئەرکێکی ئاساندا لە یانەی سناعەی بردەوە بە ئەنجامی 3 گێمی خاوێن.
ئەحمەد غازی، سەرپەرشتیاری تیپی بالەی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند " ئێمە هەموو هەوڵێکمان پارێزگاریکردنە لە نازناوی خولەکە، خاوەن تیپێکی پڕ لە یاریزانی بە ئەزموون و ئاستبەرزین و خوێندنەوەمان بۆ ئاستی هەموو تیپە بەشدارەکان کردووە".
یانەی هەولێر لە وەرزی ئەمساڵدا تیپێکی بەهێزی نییە و ئاستێکی باشی پێشکەش نەکردووە، لە یارییەکی بەهێزدا میوانداری یانەی بەحری کرد، درێس زەردەکان هەوڵێکی زۆرییان بۆ بڕینی کەشتیوانەکانی بەحری دا، بەڵام دواجار کوڕانی بەحری یارییەکەیان بە ئەنجامی سێ گێم بەرامبەر بە دوو گێم بردەوە.
ئەنوەر رەسوڵ، یاریدەدەری راهێنەری یانەی بەحری بۆ رووداو روونیکردەوە "یارییەکەمان ئاسان نەبوو، بەرامبەر تیپێکی لاو یاریمان کرد، بەڵام خاوەن مێژوو سەنگی گەورەن لە مێژووی بالەی عێراق، وەرگرتنی ئەم سەرکەوتنە پاڵنەرێکی باشە بۆ مۆڕالی یاریزانانمان".
لە یارییەکانی دیکەدا یانەی غازی باشوور لە یانەی جەیشی بردەوە بە ئەنجامی 3 گێمی بێوەڵام، هەروەها یانەی شورتە لە یانەی حەبانییەی بردەوە بە ئەنجامی 3 گێمی بێبەرامبەر.
عەلی یەعقوب، سەرپەرشتیاری یانەی شورتە لەبارەی ئامادەکاریی و بەشداری تیپەکەیان لەم قۆناخەدا گوتی "ئێمە بەر لە دوو وەرز نازناوی پاڵەوانێتییەکەمان بردەوە، وەرزی ئەمساڵ ژمارەیەک گرێبەستی گرانبەهامان لەگەڵ یاریزانە باشەکان واژۆکردووە، دەمانەوێت لە باشترین 3 تیپە یەکەمەکەی خولەکە بین".
یارییەکانی گردبوونەوەی دووەمی قۆناخی پێشکۆتایی خولی نایابی بالەی عێراق لە شاری هەولێر بەردەوامە و ئەمڕۆ شەممە ئەم یارییانە دەکرێن:
بەحری - سناعە
غازی باشوور - حەبانییە
هەولێر - شورتە
پێشمەرگەی سلێمانی - جەیش
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ