تۆنی کرووس: من له بەر ئۆزێل بوومەتە نازی

06-03-2021
ئیحسان تاهیر
A+ A-

رووداو دیجیتال

تۆنی کرووس، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشکرایکرد کە بۆچی لەلایەن زۆر کەسەوە بە "نازی" ناودەبرێت.

مەسعود ئۆزێلی ئەستێرەی پێشووی یانەی ئارسیناڵ و ئێستای فێنارباخچەی تورکی، دوای ئەوەی وازهێنانی نێودەوڵەتی خۆی راگەیاند، کرووس یەکێک بوو لەو یاریزانانەی بەو شێواز و هەڵوێستەی ئۆزێل رازی نەبوو، رەخنەشی لێگرت.

ئۆزیل رایگەیاندبوو کە بوونی "نەژادپەرستی و بێڕێزی" لە ژووری جلگۆڕینی هەڵبژاردەی نیشتیمانیی ئەڵمانیا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیادا، دوو هۆکاربوون بۆ ئەوەی ئەوکات وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی رابگەینێت.

کرووس لەو بارەیەوە لە لێدوانێکی تازەدا، بە رۆژنامەکانی مەدریدی گوت "دوای مۆندیالی 2018 گوتم حەز بەو شێوازە ناکەم کە مەسعود ئۆزێل وازهێنانی نێودەوڵەتی خۆی راگەیاند، بۆیە بەو هۆیەوە منیش لای زۆر کەس بوومەتە نازی".

یاریزانی ئەڵمانی هەروەها گوتی "قژی زەرد و چاوی شین، هەموو ئەمانە لەگەڵ زۆر کەسدا گونجاون".

کرووس هەروەها لە بەردەوامی قسەکانیدا، پەیامێکی ئاراستەی ئەوانە کرد، کە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە ئەو بە نازی ناودەبەن و گوتی "هەر کەسێک دەتوانێت لە پشت ئەکاونتی ساختەوە خۆی بشارێتەوە و دواتر بێ کێشە سووکایەتی بە خەڵکی دیکە بکات".

ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید، لە کۆتایی قسەکانیدا، سەبارەت بە کۆمێنتی نەژادپەرستانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، گوتی "ئەوان گەیشتوونەتە رەهەندێکی تەواو جیاواز".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە