بەپەلە؛ راهێنەری یانەی سۆران دەستیلەکارکێشایەوە

06-03-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رەفیق سەعید، راهێنەری یانەی سۆران
A+ A-

رووداو - هەولێر

رەفیق سەعید، راهێنەری یانەی سۆران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی سۆران کێشایەوە.

راهێنەری یانەی سۆران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، بەهۆی ئەو ئەنجامە خراپانەی یانەکە لە ماوەی رابردوودا بەدەستیهێناون، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ خانەوادە و کەسە نزیکەکانم بڕیارمدا دەستلەکاربکێشمەوە، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی یانەکەدا.

سەعید زیاتر گوتی، هەرچەند دەستەی کارگێری یانەکە داوایکرد لە بڕیارەکە پاشگەزببمەوە، بەڵام پێم باشبوو واز لەکارەکەم بهێنم، لەکاتێکدا هێشتا هەشت گەڕ ماوە و ئەو راهێنەرەی لە جێگەی من دەبێتە راهێنەری یانەکە ماوەیەکی زۆری لەبەر دەست دەبێت بۆ ئەوەی کاری باش لەگەڵ یانەکە بکات و ئاستی یانەکە بەرزبکاتەوە.

راهێنەری سۆران زیاتر گوتی، بڕیارەکەم هەڵاتن نییە لە بەرپرسیارەتی، بەڵکو وەک بەرپرسیارەتییەک دەمەویست واز لە پۆستەکە بهێنم، هەروەها رەخنەی لە ئاستی ناوبژیوانانی خولی نایابی کوردستان گرت و گوتی، لەماوەی رابردوودا ناوبژیوانەکان هەڵەی زۆریان بەرامبەر یانەکە کردووە و ناکرێت چەند یارییەک لەسەریەک ئەوە لە یارییەکانی سۆراندا رووبدات.

رەفیق سەعید دڵنیایی دایە هاندەرانی یانەی سۆران، کە یانەکەیان مانەوەی لە خولی یانە نایابەکانی کوردستان لە قۆناخی یەکەمدا مسۆگەرکردووە و لە هەشت یاریی داهاتوودا تەنیا لە چەند یارییەکی کەمدا نەبێت ئەرکی یانەکە قورس نییە و دڵنیایە لە مانەوەی لە یانەکەدا.

دەستلەکارکێشانەوەی راهێنەری یانەی سۆران لەکاتێکدایە کە یانەکە لە 5 یاریی رابردوودا هیچ بردنەوەیەکی نییە و هەموو یارییەکانی دۆڕاندووە، راهێنەری یانەکەش دەڵێت، ئەگەر یارییەکەی بەرامبەر برایەتیان بردبایەوەش هەر وازی لە پۆستەکەی دەهێنا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە