دایکی رۆناڵدۆ پەیامێک لەبارەی نەخۆشییەکەی بڵاودەکاتەوە

06-03-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ماریا دۆلۆرێس ئاڤیێرۆ دایکی رۆناڵدۆ
A+ A-

رووداو - هەولێر

ماریا دۆلۆرێس دۆس سانتۆس ئاڤیێرۆ، دایکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە رێگەی بڵاوکردنەوەی پەیامێکەوە هەموو لایەک لە تەندروستی خۆی دڵنیا دەکاتەوە.

ئاڤیێرۆ لە پەیامێکدا کە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاویکردووەتەوە نووسیوویەتی، زۆر لێرە نامێنمەوە، دەمەوێت پێتان بڵێم من زۆر بەخێرایی چارەسەر دەبم، بێزارم کە چەند کاژێرێک لەسەر ئەم تەختەیە ماومەتەوە، بەڵام دەزانم ئەوە لە بەرژەوەندی مندایە، لە چەند رۆژی داهاتوودا هیوادارم بگەڕێمەوە ژیانی ئاساییم.

دایکی دۆن زیاتر دەڵێت، دەزانم کە زۆر بەبەختم، دەمەوێت سوپاسی دەستکەی پزیشکی و هەموو ئەو پسپۆرانە بکەم کە لە ساتە وەختی یەکەمەوە لەگەڵ من بوون.



دۆلۆرێس سوپاسی هەموو ئەوانە دەکات کە لە تەندروستی ئەویان پرسیووە و دەڵێت، دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو پەیامانەتان بکەم کە بۆ پاڵپشتی من ناردبووتان، نەمخوێندوونەتە، بەڵام کاتیا کچم هەمووانی خوێندووەتەوە و پێیگوتووم.

لەکۆتایی پەیامەکەیدا ماریا ئاڤیێرۆ نووسیوویەتی، سوپاس بۆ نوێژەکانتان و هەموو ئەو وزەیەی کە لە هەموو لایەکەوە پێتان بەخشیم، سوپاس بۆ کوڕەکانم، نەوەکانم، برا و هاوڕێکانم و بەمزووانە دەگەڕێمەوە، تاوەکو ئەو کاتە سوپاسی تێگەیشتن و رێزگرتنان دەکەم.



ماریا دۆلۆرێس ئاڤیێرۆ چەند رۆژێک لەمەوبەر لەناکاو و بەهۆی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک، تەندروستیی تێکچوو و راستەوخۆ بۆ نەخۆشخانەیەکی مادێرا گواسترایەوە و رۆناڵدۆش هەر زوو گەڕایەوە پۆرتوگال.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە