مێندی دوای 6 مانگ گەڕایەوە نێو یاریگەکان


رووداو - هەولێر

بێنیامین مێندی، بەرگریکەری باڵی چەپی یانەی مانچێستەر سیتی دوای شەش مانگ دوورکەوتنەوە لە یاریگەکان بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنووی راستی، جارێکی گەڕایەوە نێو یاریگەکان.

مێندی 23 ساڵ لە مانگی 9ی رابردووە دوای یاریی بەرامبەر کریستال پاڵاس کە مان سیتی 5-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەشداریی لە هیچ یارییەکدا نەکردووە.

دوێنێ دووشەممە یاریزانەکە جارێکی دیکە گەڕایەوە نێو پێکهاتەی سیتی و لەگەڵ هاوڕێکانی بەشداریی لە مەشقەکانی یانەکەدا کرد.

یاریزانە فەرەنسییەکە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەری فەرمی مانچێستەر سیتی راگەیاندووە، هەموو بیرکردنەوەی لای گەڕانەوەیە بۆ نێو یاریگەکان و دەیەوێت لە یاریی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ یانەکەی یارییبکات لە ئەگەری سەرکەوتنیان، ئەگەر کاتێکی زووتریش بەشداری لە یارییەکاندا بکات دڵخۆش دەبێت و دەیەوێت پێش وادەی دیارییکراوی خۆی دەست بە یارییکردن بکاتەوە.

دوای ئەوەی بێنیامین مێندی تووشی پێکانبوو لە شاری بارسێلۆنا لەسەر دەستی رامۆن کۆجات، نەشتەرگەریی بۆ ئەنجامدرا دوای ئەوەی لە هاوینی رابردوو بەرامبەر 49،2 ملیۆن پاوەند لە یانەی مۆناکۆی فەرەنسی پەیوەندی بە مانچێستەر سیتی کرد.