مانشێتی گرنگترین رۆژنامە وەرزشییەکانی ئەوروپا

لەگەشتی هەواڵەکانی وەرزشی رووداو باسی گرنگترین مانشێتەکانی رۆژنامە وەرزشییەکان و کاردانەوەی دوای یارییەکان کرا.



رۆژنامەی دەیلی میرۆری، بەریتانی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا دوو بابەتی گرنگی ورووژاندووە، یەکێکیان بە گەورەیی نووسیوویەتی هاری کەین زە هامەرس، یانی هاری کەین ئەمشەو دەبێتە هامەرس، هامەرس کە بە کوردی دەکاتە چەکوش، بەڵام مانشێتەکە مەبەستی ئەو چەکوشە کوردییە نییە، بەڵکو مەبەستی یانەی وێستهامە، کە هامەرس نازناوی ئەوانە و یانەکە ئەمڕۆ لە دێربی بچووکدا لە دوایین یاری گەڕی 27 رووبەڕووی چێڵسی دەبێتەوە و هاری کەینیش هاندەری ئەو یانەیە بۆ ئەوەی زیاتر لە پێشەنگی پرێمەرلیگ نزیکببنەوە.

هاری کەین شەوی رابردوو بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 19 گۆل لە پێشەنگی گۆڵکارانی پرێمەرلیگ و یەکەم یاریزانە دوای لیۆنێل مێسی لە 2017 لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 14 گۆڵی تۆمارکردبێت.

بابەتێکی دیکەی گرنگی ئەم رۆژنامەیە توڕەبوونی نێوان ئەلێکسیس سانچێز و ئارسین ڤینگەر بەڕێوەبەری هونەری یانەی ئارسیناڵە و و بەگەورەیی نووسیوویەتی ئەل ئێکزایت، یانی سانچێز دەچێتە دەرەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە یاری بەرامبەر لیڤەرپوول بەشێوەی سەرەکی بەشداری بەیاریزانەکە نەکرد، ئەوەش بووە توڕەیی یاریزانەکە و دەیەوێت یانەکە بەجێبهێڵێت، ریۆ فێردیناند، یاریزانی پێشووی مانچێستەر یونایتدیش قسەیکردووە و دەڵێت بەدڵناییەوە وەرزی داهاتوو سانچێز لە ئارسیناڵ نابینرێت.

---------

رۆژنامەی کۆریێری دێللۆ سپۆرتی ئیتالی مانشێتی سەرەکیی بۆ ئاندریا بێلۆتی، هێرشبەری گەنجی یانەی تۆرینۆ تەرخانکردووە، ئەو هێرشبەرە دوێنێ بەرامبەر پالێرمۆ لە 7 خولەک و 15 چرکەدا، لە خولەکی 73 بۆ 81 هاتریکی تۆمارکرد و لە ساڵی 2000ەوە ئەو هاتریکە بووە خێراترین هاتریک لە خولەکەدا، رۆژنامەی کۆریێری دێللۆ سپۆرت وێنەیەکی ئەو یاریزانەی داناوە و ئەو نازناوەی رۆناڵدۆی گەورە هەیبوو خستوویەتییە پاڵ یاریزانەکە و نووسیوویەتی فینۆمینۆ یانی دیاردە، دوای ئەوەش نووسیوویەتی بێلۆتی شێتە، بە تۆمارکردنی 22 گۆل پێشەنگی گۆڵکارانی سێریا ئەیە و ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە ئیتالیا یاریزانێکی هەیە دەتوانێت لە رووسیا پشتی پێ ببەستێت.

------------

رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، مانشێتی سەرەکیی بۆ کەریم  بێنزیما، یاریزانی یانەی ریال مەدرید تەرخانکردووە، دوای ئەوەی یاریزانە 350 یاری بەدرێسی یانەکەوە ئەنجامدا، بە مانشێتێکی گەورە نووسیوویەتی من لە یانەی خەونەکانم، ئەوەش مەبەستی لێدوانێکی هێرشبەرە فەرەنسییەکەیە کە ریال مەدرید بەیانەی خەونەکانی خۆی دەزانێت، رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە سبەی لە یاری بەرامبەر ناپۆلی لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا رۆناڵدۆ، بەیڵ و بێنزیما بەشێوەی سەرەکی یاری دەکەن، بێنزیما لەو 350 یارییەدا 176 گۆڵی کردووە و 85 ئاسیستی هەیە.

---------

رۆژنامەی لیکێپی فەرەنسی، باسی سەرکەوتنە گەورەکەی مۆناکۆ بەسەر یانەی نانت لە گەڕی 28 خولی فەرەنسا بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر و ئاستی بەرزی کیلیان مبابێی هێرشبەری گەنجی یانەکە دەکات، بەمانشێتێکی گەورە نووسیوویەتی لێ ماجیکیان، یانی ساحر، مەبەستی ئاستی بەرزی ئەو هێرشبەرە 18 ساڵەیە کە هەرچەند رادەمێل فالکاو بەشداری لە یارییەکەدا نەکرد، بەڵام بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ هاوکاری یانەکەی کرد بۆ بردنەوەی یارییەکە و مانەوە لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەدا بە 65 خاڵ و دوورکەوتنەوە لە پاریس سانجێرمان بە سێ خال.