رووداو دیجیتاڵ
پێش دەستپێکردنی جامی ئاسیا، دەنگی ناڕەزایەتی لە دژی بەرزبووەوە و زۆربوون ئەوانەی پێیانوابوو دەبێت دووربخرێتەوە، هۆکارەکەشی ئەو سەرەتایە خراپە بوو کە لە قۆناخی ئامادەکاریدا لەگەڵ ئوردن هەیبوو، بەڵام هەمووانی پەشیمانکردەوە.
حەسەن عەموتە، راهێنەرە مەغریبییەکەی هەڵبژاردەی ئوردن یەکەمجارە لە 17 ساڵی تەمەنی کارکردنیدا وەک راهێنەر، تیپی یەکەمی هەڵبژاردەیەک وەربگرێت، سەرەتای دەستبەکاربوونی لەگەڵ سوارچاکەکانی ئوردن بە دۆڕانێکی گەورە بەرامبەر نەرەویج بە 6-0 و پاشان بە 6-1 بەرامبەر ژاپۆن دەستیپێکرد، ئەمە هاندەرانی هەڵبژاردەکەی خستە نێو ئەو بیرکردنەوەیە کە دەبێت راهێنەرەکە دووربخرێتەوە.
جامی ئاسیا دەستیپێکرد، ئوردن کەژێر سەرپەرشتی عەموتە 4-0 لە مالیزیای بردەوە، بەباشترین شێوە لەگەڵ کۆریای باشوور دەرکەوت و یەکسانبوو، پاشان بە بەحرەین دۆڕا و شوێنی خۆی لە قۆناخی 16 کردە دەرەوە.
لەگەڵ سەرکەوتنی ئوردن، هیواکان لەسەر ئەو هەڵبژاردەیە زیاتر بوون، لە قۆناخی 16 بە ئەنجامێکی سەرنجڕاکێش عێراقیان لە پاڵەوانێتییەکە کردە دەرەوە و پاشانیش بەبردنەوە لە تاجیکستان بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ئوردن گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئاسیا.
ئێستا ئەو راهێنەرەی هەمووان داوایاندەکرد دووربخرێتەوە مێژوو دەنووسێتەوە، ئەوەی ئەو بۆ ئوردن کردی پێشتر کەس نەیکردووە، ئەمڕۆ لەبەردەم هەلێکی دیکەی مێژوویدایە بۆ ئەوەی دووەم یاریی لەم پاڵەوانێتییەدا بەرامبەر کۆریای باشوور ئەنجامبدات، بەڵام ئەمجارە هیچ هەلێک بۆ یەکسانبوون نییە و بردنەوە، بردنەوە ئامانجی سەرەکی ئوردنییەکان دەبێت.
عەموتە، پێشتر لە مەغریب راهێنەری یانەی ویداد بووە لە یانەی سەدی قەتەری راهێنەرایەتیی هەریەکە لە راول گۆنزالێس و چاڤی هێرناندێزی کردووە، لەسەر ئاستی یانەکان خاوەنی ئەزموونێکی گەورەیە و ئەمڕۆ دەیەوێت لە یەکەم وێستگەی کارکردنیدا لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکان شوێن دەستی خۆی دیاربکات و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ئوردن بگەیێنێتە یاری کۆتایی جامی ئاسیا.
هەنگاوی دوای جامی ئاسیا، کە ئوردنییەکان چاوەڕێی دەکەن رکابەریکردنە لەسەر گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی 2026، بەتایبەت کە هەڵبژاردەکە ئێستا خاوەنی یاریزانی باشە و موسا تەعمەری، یەزن عەرەب و یەزن نەعیمات لە دیارترین ئەستێرەکانی هەڵبژاردەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ