کێشەی مانچینی و یاریزانانی سعودینە گەورەتر دەبێت

06-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رۆبێرتۆ مانچینی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، وردەکاریی کۆبوونەوەی ئەو یاریزانانەی کێشەیان لەگەڵ رۆبێرتۆ مانچینی هەبوو، لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە ئاشکرا دەکەن.
 
پێشتر بەر لە دەستپێکردنی رکابەرییەکانی جامی ئاسیا، رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە، 6 یاریزانی لە هەڵبژاردەکە دوورخستەوە، کە هەریەکە لە سەلمان فەرەج، نەواف عگێدی، سوڵتان غەنام، محەممەد مەران، عەلی هەزازی و خالد غەنام بوون.
 
دوای کۆتاییهاتنی جامی ئاسیا و کرانە دەرەوەی سعودیە لە قۆناخی شازدە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە لێکۆڵینەوە لە دۆخەکەدا دەکات و دەیەوێت بەتەواوی هۆکاری دوورخستنەوەی ئەو یاریزانانە بزانێت.
 
پێشتر مانچینی لەبارەی سەلمان فەرەجەوە رایگەیاندبوو، ئەو یاریزانە رەتیکردووەتەوە لە یارییە ئامادەکارییەکاندا یاری بکات و تەنیا ئامادەیە لە یاریی فەرمیدا یاریی بکات، بۆیە لە پێکهاتەکەی دوورخراوەتەوە.
 
سەلمان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی ئەم قسانەی رۆبێرتۆ مانچینیی رەتکردووەتەوە و دەڵێت "من بانگهێشتنامەی راهێنەرەکەم رەتنەکردووەتەوە، بەڵکو بانگهێشتنامەی فەرمیم هەر پێنەگەیشتووە."
 
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، سوڵتان غەنامیش بەهەمان شێوە تۆمەتەکانی رۆبێرتۆ مانچینی رەتکردووەتەوە و دەڵێت "لەسەر داوای راهێنەر ئامادەبووم و پرسیاری لێکردم کە ورەت بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی نیشتمانی هەیە؟ منیش بە بەڵی وەڵامم داوەتەوە."
 
غەنام لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی " دوای ئەوە گفتوگۆیەکی تەکنیکی کرا بۆ دانانی یاریزانی چوارەم لەو شوێنەی کە من لێی یاریی دەکەم، سعود عەبدولحەمید، حەسەن تەمبکتی و یاسر شەهرانی لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادەبوون، کە من بەشداریم تێیدا نەکرد و دوای ئەوە نەمزانی چی روویدا."
 
لەبارەی ئەوەی لە دوای ئەم رووداوانە واز لە یاریی نێودەوڵەتی دەهێنن، هەریەکە لە سەلمان فەرەج و سوڵتان غەنام بە نەخێر وەڵامیان داوەتەوە.
 
سعودیە لە جامی ئاسیادا نەیتووانی بە ئاستێکی بەرزەوە دەربکەوێت، لە قۆناخی شازدە بەرامبەر کۆریای باشوور دۆڕا و ماڵئاوایی کرد، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لەلایەن هاندەرانی هەڵبژاردەکە و میدیای سعودی لێکەوتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە