کاساس گۆڕانکارییەکی گەورە لە هەڵبژاردەی عێراقدا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەیەوێت گۆڕانکارییەکی گەورە لە ریزەکانی هەڵبژاردەکە بکات، بۆ ئەوەی ئامانجەکەی بۆ گەیشتن بە مۆندیالی داهاتوو بکاتە راستی.
 
هەڵبژاردەی عێراق لە جامی ئاسیادا چەند ئامارێکی سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد، بردنەوە لە ژاپۆن بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک، بردنەوەی سێ یاریی لەسەریەک لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا، تۆمارکردنی زیاتر لە گۆڵێک لە چوار یاریی لەسەریەک کە ئەمەشیان یەکەمجار بوو رووبدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆ جاری دووەم لەسەریەک لە قۆناخی شازدە کرایە دەرەوە، کاتێک بەرامبەر ئوردن دۆڕا.
 
دوای ماڵئاواییکردنیان لە جامەکەدا، هەڵبژاردەی عێراق رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، بەتایبەت کە لە رووی بەرگرییەوە بەرامبەر ئوردن ئاستێکی زۆر خراپیان هەبوو، بەمەش خیسوس کاساس بڕیارییداوە گۆڕانکاری لە تیپەکەیدا بکات و بەشێکی یاریزانەکانی دووربخاتەوە، کە ناوی گەورە و دیاری تێدایە.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە دەستەی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "خیسوس کاساس بڕیارییداوە، هەریەکە عەلی عەدنان، رێبن سولاقا، بەشار رسن و ئەحمەد باسلی گۆڵپارێز لە تیپەکە دووربخاتەوە، بۆ ئەوەی هەندێک یاریزانی نوێ بانگهێشتبکات و بۆ پاڵاوتنەکانی مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەکە بن."
 
یەکێک لەو یاریزانە نوێیانەی بۆ جامی ئاسیا بانگهێشتکرا، ئاکام هاشم، یاریزانی کوردی یانەی هەولێر بوو، هەرچەند هیچ یارییەکی ئەنجامنەدا، بەڵام راهێنەرەکە پێشتر بە رووداوی راگەیاند، سەرسامە بە تواناکانی ئاکام هاشم و متمانەیەکی زۆری بەو یاریزانە هەیە، بەمەش چاوەڕواندەکرێت بۆ یاریی بەرامبەر فیلیپن، جارێکی دیکە کاساس ئەو یاریزانە کوردە بانگهێشتبکاتەوە و ئەمجارە پشتی پێببەستێت.
 
هەڵبژاردەی عێراق دوو یاریی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە جامی جیهانی 2026 ئەنجامداوە، سێیەم یاریی رۆژی 21ـی ئادار لە بەسڕە بەرامبەر هەڵبژاردەی فیلیپین ئەنجامدەدات.
 
لە دوای یارییەکەیان بەرامبەر ئوردن لە جامی ئاسیا، لە هۆڵی کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گرژی و ئاڵۆزی روویدا، بەشێکی رۆژنامەڤانەکان هێرشیانکردە سەر خیسوس کاساس، ئەمەش کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە.
 
میدیای ئیسپانیا لەبارەی ئەو رووداوەوە پەیوەندیی بە کاساسەوە کردووە بۆ ئەوەی قسەی لەبارەوە بکات، راهێنەرە ئیسپانییەکە گوتوویەتی "دڵخۆشم بە کارکردن لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق، من بۆ ئامانجێک هاتوومەتە ئێرە، ئەویش گەیشتنە بە مۆندیالی 2026 بۆیە بەردەوام دەبم لەسەر ئەو پڕۆژەیەی لەگەڵ هەڵبژاردەکە هەمە."
 
دوای ئەو رووداوانە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازیی لە خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەکە کرد و پاڵپشتیی خۆی بۆ راهێنەرەکە و هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق دووپاتکردەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی راسپارد، بۆ ئەوەی ئەو رۆژنامەڤانانە سزابدەن کە لە کۆنگرەکەدا هێرشیانکردووەتە سەر راهێنەرەکە.