جامی ئاسیا لەبەردەم مێژوویەکی لەبیر نەکراودا

06-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئوردن جامی ئاسیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جامی ئاسیای 2023 کە رکابەرییەکانی لە قەتەر بەردەوامن بەرەو کۆتایی دەچێت، ئەمڕۆ هەڵبژاردەیەک دەگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و یەکێک لە هەڵبژاردەکانی دیکەش ماڵئاوایی لە رکابەرییەکان دەکات.
 
لە یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئاسیادا، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 18:00 لەسەر یاریگەی ئەحمەد بن عەلی مۆندیالی هەردوو هەڵبژاردەی ئوردن و کۆریای باشوور رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یارییەکە هەلێکی مێژووییە بۆ هەڵبژاردەی ئوردن، بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار خۆی بگەیێنێتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، لەکاتێکدا پێشتر 5 جار بەشداریی لە جامی ئاسیادا کردووە و هەرگیز نەگەیشتووەتە قۆناخی پێشکۆتایی و یەکەمجارە لەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکەدا یاریی دەکات.
 
لە یارییەکەی ئەمڕۆدا لە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئوردن هەریەکە لە سالم عەجێلین و عەلی عەلوان، کە دوو یاریزانی سەرەکی پێکهاتەی هەڵبژاردەی ئوردنن بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن و کاریگەرییان لەسەر پلانەکانی حەسەن عەموتەی راهێنەری هەڵبژاردەکە دەبێت.
 
ئوردن لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر کۆریای باشوور یارییکردووە، هەردوو هەڵبژاردە بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک یەکسانبوون و یاریی ئەمجارە هیچ هەلێکی بۆ یەکسانبوون تێدا نییە.
 
هەرچی هەڵبژاردەی کۆریایە پێشتر دوو جار نازناوی جامی ئاسیای بردووەتەوە، ساڵی 2015 لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر ئوسترالیا دۆڕا و 64 ساڵە هەڵبژاردەکە لە بردنەوەی نازناوەکە دوورە.
 
بۆ یارییەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر ئوردن، کۆرییەکان لە تواناکانی کیم مین جای، بەرگریکاری سەرەکیی هەڵبژاردەکەیان بێبەش دەبن، کە بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتی زەردەوە ناتوانێت یاری بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سۆن هیونگ مین و ئەستێرەکانی دیکەی کۆریا دەیانەوێت هەنگاوێکی دیکە لە رکابەریکردن بۆ بردنەوەی نازناوەکە نزیکببنەوە.
 
هەردوو هەڵبژاردەی کۆریای باشوور و ئوردن، لەسەر ئاستی فەرمی چوار یارییان ئەنجامداوە، سێ یارییان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە و لە یارییەکدا کۆریای باشوور براوەبووە، دوو یاریی دۆستانەشیان کردووە و ئوردن هەردوو یارییەکەی دۆڕاندووە، کەواتە ئوردن بەرامبەر کۆریا هیچ بردنەوەیەکی نییە، ئەمڕۆ دەیەوێت بردنەوەیەک تۆماربکات، بۆ هەمیشە لە مێژوودا بمێنێتەوە، بردنەوەیەک کە ئەوان بۆ یەکەمجار لە مێژوودا دەباتە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە