ڤیدیۆ؛ چەند پەیامێک لە مێسییەوە بۆ هەمووان

06-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
مێسی
مێسی
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی ئینتەرمەیامی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی ئینتەرمەیامی چەند پەیامێک ئاراستەی هاندەران دەکات و باس لە ئەگەری یارییکردنی بەرامبەر یانەی ڤیسێل کۆبی ژاپۆنی دەکات.
 
یانەی ئینتەرمەیامی دوای ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانە بەرامبەر ئەستێرەکانی خولی هۆنگ کۆنگ کە مێسی بەشداریی لە یارییەکەدا نەکات، شەوی دووشەممە یانەکە بۆ ئەنجامدانی یارییەکی دیکەی دۆستانە روویکردە تۆکیۆ و خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی ڤیسێل کۆبی ئامادەدەکات کە سبەی یارییەکە دەکرێت.
 
هەزاران هاندەر لە هۆنگ کۆنگ بۆ بینینی مێسی چوونە یاریگە، بەڵام یاریزانەکە یەک خولەکیش یاریی نەکرد، ئەمەش هاندەرانی تووڕەکرد و داوای گەڕاندنەوەی پارەی بلیتەکانیان دەکەن.
 
میشێل لامۆنیێر، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تاڵتەر ئاسیایە کە یاریی ئینتەرمەیامی و ئەستێرەکانی هۆنگ کۆنگی رێکخستبوو و دەڵێت "تاڵتەر ئاسیا بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی بووە سپۆنسەری یارییەکە، کە دەبێت یاریزانە سەرەکییەکانی وەک لیۆنێل مێسی، خۆردی ئەلبا، سێرجیۆ بوسکێتس و هەر یاریزانێکی دیکەش کە ناسراوە و پێش یارییەکە پەیوەندی بە یانەکەوە کردبێت بەشداری لە یارییەکەدا بکەن، کە لویس سوارێزیش دەگرێتەوە. رۆژی یەکشەممە، پێش دەستپێکردنی یارییەکە، لیستی ناوەکان گەیشت و تاتا مارتینۆ واژۆی کردبوو، ناوی مێسی و سوارێزی تێدابوو وەک یاریزانی یەدەگ، کە تاڵتەر ئاسیا چاوەڕوان بوو هەردووکیان بەشداری لە یارییەکەدا بکەن. 
 
لە کۆتایی گێمی یەکەمدا، کاتێک کارگێڕیی یانەی ئینتەرمەیامی ئاگاداری کردینەوە کە مێسی بەهۆی پێکانەوە لە ئەژنۆیدا ناتوانێت بەشداری یارییەکە بکات، دەستبەجێ تاڵتەر ئاسیا حکومەتی ئاگادارکردەوە، دوای ئەوە تاڵتەر ئاسیا بە درێژایی گێمی دووەم داوای لە بەرپرسانی ئینتەرمەیامی کرد کە رێنمایی مێسی بکەن بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ هاندەران بکات، بەڵام بێسوود بوو.
لیۆنێل مێسی



لەبارەی ئەوەی لە هۆنگ کۆنگ روویدا، لیۆنێل مێسی دەڵێت "بەداخەوە لە تۆپی پێدا هەندێک شت روودەدەن لە دەرەوەی ویستی ئێمە، دەکرێت تووشی پێکانبیت، ئەمە بەسەر مندا هات، زۆر بەداخەوە کە نەمتوانی بەشداری لە یارییەکەی هۆنگ کۆندا بکەم، چونکە هەمیشە حەزدەکەم بەشداری لەمجۆرە یارییانەدا بکەم، بەتایبەت یارییەکی هاوشێوەی ئەمە کە تۆ مەودایەکی دوور دەبڕیت و هاندەران چاوەڕێی بینینت دەکەن."
 
مێسی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "هیوادارم بگەڕێینەوە و یارییەکی دیکە ئەنجامبدەین، منیش بتوانم بەشداریی تێدا بکەم، ئەمە ئەوەیە کە هەرکاتێک توانیم بیکەم ئامادەم، بەڵام بەراستی بەداخەوە کە نەمتوانی بەشداری لەو یارییەدا بکات."

لیۆنێل مێسی

 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مێسی باس لە ئەگەری یارییکردنی بەرامبەر یانەی ڤیسێل کۆبی ژاپۆنی دەکات، کە رۆژی چوارشەممە کاژێر 13:00 یارییەکەیان بەڕێوەدەچێت و گوتی "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێکی دیکە مەشق دەکەین و هەوڵدەدەم ئامادەبم، لە راستیدا بارودۆخی لە چاو چەند رۆژی رابردوو باشە، ئەگەر راستگۆبم لەگەڵتان هێشتا نازانم دەتوانم یاری بکەم یان نا، بەڵام هەست بەباشتربوون دەکەم و هیوادارم بتوانم یاری بکەم."
 
ئەمە سێیەم گەشتی ئینتەرمەیامییە لە کیشوەری ئاسیا، دوای ئەوەی لە سعودیە بەشداریی لە یارییەکانی وەرزی ریازدا کرد و هەردوو یارییەکەی بەرامبەر هیلال و نەسڕ دۆڕاند، دوای ئەوەش چووە هۆنگ کۆنگ و ئێستاش لە تۆکیۆیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە