بارسا 8+.. بەرەو نازناوەکە

06-02-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو - دیجیتاڵ 

یانەی بارسێلۆنا جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ ریال مەدریدی رکابەریدا بەفەرمی لە 8 خاڵدا جێگیرکرد، دوای ئەوەی شکستی بە یانەی سێڤییا هێنا و لە بەرامبەریشدا ریال مەدرید بە ریال مایۆرکا دۆڕا.
 
بارسا لە نێو یاریگەی کامپ نو، ئەو یاریگەیەی کە تێیدا 21 ساڵە بە سێڤییا نەدۆڕاوە، جارێکی دیکە میوانداریی یانە ئەندەولسییەکەی کرد، ئەمجارەش بردنەوە لەبەشی کوڕانی بلاوگرانا بوو بە تۆمارکردنی 3 گۆڵی بێ بەرامبەر. 
هەرچەندە لە نیوەی یەکەمدا کەس گۆڵی پێنەکرا، بەڵام نیوەی دووەم جەژنی کەتەلۆنییەکان بوو، لە خولەکی 58 خۆردی ئالبا بە ئاسیستی فرانک کیسێ گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد. 
 
لە خولەکی 70 رافینیا یاریی بەبەرگریکارانی سێڤییا کرد و گۆڵی دووەمی بۆ گاڤی دروستکرد. 
 
8 خولەک دوای ئەو گۆڵە ئەمجارە نۆرەی رافینیا هات، خۆردی ئالبا تۆپێکی جوانی بۆ دەرهێنا و ئەویش گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد. 
 
بارسا بەبردنەوەی ئەم یارییە کۆی خاڵەکانی گەیاندە 53 خاڵ و 8 خاڵ لە پێش ریال مەدریدەوەیە کە 45 خاڵی هەیە. 

 

 

 

 
لەلایەن خۆشییەوە یانەی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی تووشی شکستێکی لەناکاو بوو، دوای ئەوەی بەیانەی ریال مایۆرکا دۆڕا. 
 
ریال بەشکستەوە دەچێتە جامی جیهانیی یانەکان و رووبەڕووی یانەی ئەهلیی میسری دەبێتەوە، ئەم یارییەی بە یانەی ریال مایۆرکا دۆڕاند دوای ئەوەی بە ئەنجامی 1-0 شکستیهێنا. 
 
ریال لە گێمی یەکەمدا هیچ لێدانێکی بۆ گۆڵی مایۆرکا نەبووە، ئەمەش لە 2021ـەوە رووینەداوە. 
 
لە خولەکی 13ـدا ناچۆ بە هەڵە گۆڵەکەی یانەی مایۆرکای لەخۆیان تۆمارکرد و یانەکەی بەدۆڕان دا، بەڵام لە نیوەی دووەمدا مارکۆ ئاسێنسیۆ لێدانێکی سزای لەدەستدا و نەیتوانی ئەنجامەکە بۆ ریال یەکسان بکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە