سێڤییا هەردوو دڵی بەرگرییەکەی لەدەستدەدات

06-02-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سێڤییا ژۆلێس کۆندێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی سێڤییا نزیکە لە لەدەستدانی هەردوو دڵی بەرگرییەکەی، دیێگۆ کارلۆس و ژۆلێس کۆندێ، لە کاتی بازاڕی گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا، دوای ئەوەی دووانەکە لە ماوەی رابردوودا چەندین دەستەوارەیان پێگەیشت، بۆ ئەوەی یاریگەی رامۆن سانچێز پیزخوان بەجێبهێڵن.
 
ژۆلێس کۆندێ، سەرنجی زۆری هەردوو یانە گەورەکەی پرێمەرلیگ، چێڵسی و مانچێستەر یونایتدی راکێشاوە، کە ئێستا یاریزانێکی هەرە کاریگەری پێکهاتەی یانەی سێڤییایە، کە ئێستا رکابەری یانەی ریال مەدرید دەکات لەسەر نازناوی لالیگا.
 
ژۆلێس کۆندێ، ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ سێڤییا، لە کۆتایی هاوینی 2024 بەسەر دەچێت و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 85 ملیۆن یۆرۆیە و ئەگەر هەر یانەیەک ئامادەبێت ئەو بڕە پارەیە بدات، یانە ئەندەلووسییەکە ناتوانێت رێگە لە رۆیشتنی بگرێت، مەگەر گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و یاریزانەکە رازی بکات لە ریزەکانیدا بمێنێتەوە.
 
دیێگۆ کارلۆس، بەرگریکاری بەرازیلیش لە مێرکاتۆی رابردوودا یەک هەنگاو لە چوونە ریزەکانی نیوکاسڵ یونایتد دوور بوو، بەڵام سێڤییا رێگەی نەدا بڕوات، بەهۆی نەبوونی یاریزانێک بۆ شوێنگرتنەوەی.
 
دیێگۆ کارلۆس، هاوینی داهاتوو هەر بە ئامانجی یانە ئینگلیزییەکە دەمێنێتەوە، کە ئەو یاریزانەش ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ سێڤییا تاوەکو هاوینی 2024ـە.
 
بەهای بازاڕیی کارلۆس بە نزیکەی 60 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێت، واتا ئەگەر یانە ئەندەلووسییەکە ناچاربێت ئەو دوو دڵی بەرگرییەی بفرۆشێت، نزیکەی 145 ملیۆن یۆرۆی دەست دەکەوێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە