ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا نایەوێت سیمیۆنی گرێکوێرەی کامپ نو بکاتەوە

06-02-2022
ئیحسان تاهیر
بارسێلۆنا - ئاتلێتیکۆ مەدرید 18:15
بارسێلۆنا - ئاتلێتیکۆ مەدرید 18:15
نیشانەکردن بارسێلۆنا ئاتلێتیكۆ مه‌درید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بەپێچەوانەی زۆربەی وەرزەکانی پێشوو، ئەمجارە یاریی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید لەسەر گەیشتن بە پێشەنگی لالیگا نابێت، ئەمجارە رکابەرییەکە لەسەر بیک فۆڕە، کەتەلۆنییەکان کە لە پلەی پێنجەمن، دەیانەوێت خۆیان بخزێننە نێو 4 پلەی یەکەمی ریزبەندیی و مەدریدییەکانیش کە پلەی چوارەمیان بەدەستەوەیە، خوازیارن شوێنی خۆیان بۆ ئەوان چۆڵ نەکەن.
 
هاندەرانی بارسا بە پەرۆشن بۆ بینینی ئەو یارییە گرنگەی لە گەڕی 23ـی لالیگادا لەنێو کامپ نودا لە نێوان یانەکەیان و ئاتلێتیکۆ مەدرید بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی شێوە و هێزی نوێی یانەکەیان ببینن لە دوای گرێبەستکردنی لەگەڵ کۆمەڵێک یاریزانی نوێ، ئەلڤێش، تروارێ، ئۆبامیانگ و فێران تۆرێس، ئەوان بەهیوان تیپێکی جیاواز لەو تیپەیان ببینن، کە لە دوای رۆیشتنی لیۆنێل مێسی تەنیا ناو و درێسەکەی بە بارسێلۆنا دەچێت.
 
بارسا کە ئامانجی ئەم وەرزەی لەگەڵ راهێنەرە نوێیەکەی تەنیا گەیشتنە بە چامپیۆنزلیگ، بە هەموو خراپییەکانییەوە زۆر نزیکە لە گەیشتن بە ناوچەی سەرکەوتن بۆ ئەو پاڵيوانێتییە، کوڕانی چاڤی بە بردنەوە لە ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبنە چوارەم و تەنانەت زۆر نزیکیش دەبنەوە لە پلەی سێیەم و دووەمیش، بەو پێیەی یارییەکیان کەمتر کردووە.
 
کەواتە ئەوان هاندەرێکی باشیان هەیە بۆ ئەوەی ئامانجیان لەم یارییەدا تەنیا سەرکەوتن بێت بەسەر تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنیدا، بەتایبەتی کە کامپ نو گەورەترین گرێکوێرەی راهێنەرە ئەرجەنتینییەکەیە و تاوەکو ئێستا 13 یاریی لەسەر کامپ نو بەرامبەر بارسا کردووە و هیچ جارێک سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە. 
 
بەڵام نابێ ئەوەش لەبیربکەین کە بارسێلۆنا لە دوایین 5 یارییدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا لە تیپەکەی سیمیۆنی نەبردووەتەوە، 3 جار پێیان دۆڕاون و دووجاریش یەکسانبوونە، تەنانەت لە دوایین 3 یارییدا کەتەلۆنییەکان نەیتوانیوە هیچ گۆڵێک لە ئاتلێتیکۆ مەدرید بکەن.
 
هەر چۆنێک بێت بارسا دەیەوێت بە یاریزانە نوێیەکانییەوە تیپێکی نوێ و هێزێکی تازە نیشانبدات و تەنانەت بە ریال مەدریدی پێشەنگیش بڵێت، من هەستاومەتەوە، من هاتم، بەڵام لەوانەیە ئەوە بۆ ریال مەدریدیش باش بێت و مەترسییەکە بە جددی وەربگرێت.
 
ریال مەدرید کە دوای یاریی لووتکەی بارسا و ئاتلێتیکۆ، لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ میوانداری گرانادای پانزدەمی ریزبەندیی دەکات، دەبێت یارییەکەی بباتەوە و ئاسەواری دوایین شکستەکەی، کە بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو لە جامی شای ئیسپانیا دەرکرا بسڕێتەوە و بە بارسا بڵێت، ئەوەی روویدا تەنیا ئەنجامی یەک یاری بوو، ئێمە هەر ریال مەدریدین و وا بە ئاسانی دەرفەت بە هیچ یانەیەکی دیکە نادەین لەسەر نازناوی لالیگا بێتەوە نێو رکابەرییەکە و بێزارمان بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە