ڤینگه‌ر ناهێڵێ نه‌ شیش بسووتێت نه‌ كه‌باب

06-02-2018
رێبوار محه‌ممه‌د
A+ A-

رێبوار محه‌ممه‌د
ئارسن ڤینگه‌ر زۆر له‌وه‌ زیره‌كتر و زۆرزانتره‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ ئێمه‌ بیری لێده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌و ساڵانێكی زۆر كاركردن له‌ پرێمه‌رلیگ و بڕینی هه‌زاران هه‌وراز و نشێو له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ 22 ساڵ كاركردنی له‌و خوله‌دا و مامه‌ڵه‌ی رۆژانه‌ی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ ده‌مگه‌رمه‌كانی به‌ریتانیادا، ئه‌وه‌ی تێگه‌یاندووه‌ كه‌ چۆن ده‌بێ ده‌ست به‌ تاڵه‌مووه‌كه‌ی مه‌عاویه‌وه‌ بگرێت، یان كوردانه‌تر بڵێین كارێك بكات نه‌ شیش بسووتێ نه‌ كه‌باب.

ئارسن ڤینگه‌ر له‌ مێركاتۆی زستانه‌ی ئه‌مساڵدا كارێكی كرد پێشتر نه‌یكردووه‌، له‌ كاتێكدا كردی كه‌ خه‌ریكبوو هه‌موو به‌ره‌كان له‌ دژی ئه‌و ده‌كرانه‌وه‌، به‌كورتییه‌كه‌ی خه‌ریكبوو فشاری هانده‌ران، كێشه‌ی ناو ژووری جلگۆڕینی یاریزانان، ئه‌نجامه‌ خراپه‌كان و له‌وه‌ش خراپتر رۆژنامه‌كان، به‌ڕه‌كه‌ له‌ ژێر پێی ئه‌و رابكێشن و ده‌رگای چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌ ئارسیناڵ لێ بكه‌نه‌وه‌.

له‌ كاتێكدا هه‌موو باسه‌كانی رۆژنامه‌كانی ئینگلته‌را له‌سه‌ر ئاستی نایابی مانچێسته‌ر سیتی و بردنه‌وه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی تیپه‌كه‌ی گواردیۆلا چڕبووبوونه‌وه‌، ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانی ئارسیناڵ وایكردبوو له‌ هه‌مان كاتدا هه‌مووان ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ن: بۆچی ئارسیناڵیش هه‌مان شت ناكات؟ بۆچی هه‌مووان پاره‌یه‌كی باش خه‌رجده‌كه‌ن و ده‌بنه‌وه‌ تیپی ركابه‌ر، كه‌چی ئارسن له‌سه‌ر به‌زمه‌كانی خۆی به‌هێنانی یاریزانانی لاو به‌رده‌وامه‌؟ ئه‌نجامه‌كانیشی هیچ!.

له‌ كاتێكدا خه‌ریكبوو گڵۆڵه‌ی ڤینگه‌ر به‌ ته‌واوی ده‌كه‌وته‌ لێژی، ئه‌و زۆر زیره‌كانه‌، كورد گوته‌نی ده‌ستێكی باشی به‌ تیپه‌كه‌یدا هێنا، والكۆت، سانچێزی سه‌ر به‌ كێشه‌ و جیرۆی به‌ته‌مه‌نداچووی له‌ كۆڵ خۆی كرده‌وه‌. له‌ به‌رامبه‌ریشدا مخیتریان و ئۆبامیانگ دیارترین گرێبه‌ستی ئه‌و بوون بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی رۆیشتووه‌كان.
ئه‌وه‌ مایه‌ی سه‌رنج نییه‌ كه‌ ئارسیناڵ كێی فرۆشتووه‌ یان كێی كڕیوه‌؟ به‌ڵكو ئه‌وه‌ مایه‌ی سه‌رنجه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌ ڤینگه‌ر دژ به‌ پره‌نسیپه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی خۆی وه‌ستایه‌وه‌ و ژماره‌ی پێوانه‌یی گرێبه‌ستكردنی یانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یاریزاناندا له‌ رووی پاره‌وه‌ شكاند و 63 ملیۆن یۆرۆی ته‌نیا به‌ پیێر ئۆبامیانگ دا، پاره‌یه‌ك پێشتر رووینه‌داوه‌ ڤینگه‌ر خه‌رجی بكات.

ئه‌وه‌ی ڤینگه‌ر كردی پێموایه‌ سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ جێقایمكردنه‌وه‌ی خۆی له‌ راهێنه‌رایه‌تی ئارسیناڵ. چونكه‌ ڤینگه‌ر به‌ر له‌ مێركاتۆ له‌ هه‌موو راهێنه‌رانی پرێمه‌رلیگ زیاتر فشاری هانده‌رانی به‌هۆی ئه‌نجامه‌وه‌ له‌سه‌ر بوو. به‌و یاریزان كڕینانه‌ دوو چۆله‌كه‌ی به‌به‌ردێك كوشت، هه‌م هانده‌ران و گله‌ییه‌كانی یاریزان نه‌كڕینی كۆتایی پێهێنا، هه‌م شوێنی خۆی له‌ ئیداره‌دانی یانه‌كه‌دا جارێكی دیكه‌دا قایمكرده‌وه‌. ئێستا كه‌س گله‌یی له‌ ڤینگه‌ر ناكات بۆ نه‌هێنانی یاریزانی گرانبه‌ها، ئیدی ئه‌و پێكهاته‌یه‌كی هه‌یه‌ ده‌بێ توانای ركابه‌ری له‌سه‌ر نازناوه‌كانی هه‌بێت.

ڤینگه‌ر و تیپه‌كه‌ی ئه‌مساڵ شتێكی ئه‌وتۆیان نه‌ماوه‌ بۆی بجه‌نگن، چامپیۆنزلیگ و پرێمه‌رلیگ و جامی یه‌كێتی ئینگلته‌رایان له‌ده‌ستداوه‌و ماوه‌ته‌وه‌و نه‌ماوه‌ته‌وه‌ خولی ئه‌وروپی و جامی یانه‌ پیشه‌گه‌ره‌كانه‌ كه‌ ئه‌ویش به‌رامبه‌ر به‌ سیتی ئه‌ركێكی ئه‌سته‌مه‌. به‌ره‌ی له‌وه‌ گرنگتر مسۆگه‌ركردنی گه‌یشتنه‌وه‌یه‌ به‌ چامپیۆنزلیگی وه‌رزی داهاتوو، ئه‌ویش یان هه‌وڵی زۆری ناوخۆیی یان بردنه‌وه‌ی یۆرۆلیگی پێویسته‌.
ڤینگه‌ر زیره‌كانه‌ بیری كرده‌وه‌ و تا كۆتایی ساڵ هه‌مووانی له‌ گله‌ییه‌كانیان داڕنی و به‌تایبه‌ت به‌بردنه‌وه‌ له‌ ئیڤێرتۆن له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا، ئه‌وه‌ی به‌بیری هه‌مووان هێنایه‌وه‌ كه‌ ئه‌و كاری باش ده‌كات، به‌ڵام كوالیتی یاریزانه‌كانی یارمه‌تیده‌ر نین.

ئێستا ڤینگه‌ر گۆڵی له‌ هه‌مووان كرد، ئه‌و به‌ رێكخستنه‌وه‌ی تیپه‌كه‌ی و نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی ئۆزێل، پێشانی هه‌مووانیدا هێشتا زۆری ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئارسیناڵ به‌جێبهێڵێت، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كاتێك هاوینی داهاتوو مان یونایتد، سیتی، لیڤه‌رپوول و چێڵسی ژماره‌یه‌ك یاریزانی باش ده‌كڕن و له‌ ئێستا به‌هێزتر ده‌بن، ئایا ئه‌وكات، جارێكی دیكه‌ گرێژنه‌ی ئارسیناڵ له‌ ده‌ستی ڤینگه‌ر ده‌رناچێته‌وه‌؟.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە