دێربیی میلانۆ.. یارییەک بۆ مێژوو و یەکلاکردنەوەی جامی سوپەر

دوێنێ کاژێر 02:56
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
دێربیی میلانۆ
دێربیی میلانۆ
نیشانەکردن دێربیی میلانۆ جامی سوپەری ئیتاڵیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای هەفتەیەک لە دەستبەکاربوون و ئەنجامدانی تەنیا یەک یاری، سێرجیۆ کۆنسێساو، لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی دەستپێکی کاروانەکەی وەکو راهێنەری نوێی یانەی ئەیسی میلان بەبردنەوەی نازناوێک دەستپێبکات، نازناوی جامی سوپەری ئیتاڵیا.
 
ئەمشەو یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیتاڵیا، لە یاریگەی ئەول پارک لە ریاز بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەکەی میلانۆ، لە دێربیی دێلا مادۆنینادا جارێکی دیکە دێنەوە بەرامبەر یەکدی، رووبەڕووبوونەوەیەکی جیاواز، یارییەکی ئاگرین و پڕ لە رکابەری.
 
میلان دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا لە یوڤێنتوسی بردەوە گەیشتە یاری کۆتایی و ئەمشەو بۆ گەیشتن بەو نازناوە رکابەری دەکات، کە لە 2016ـەوە لێی دوورە.
 
بردنەوەی نازناوەکە بۆ میلان کاریگەرییەکی ئەرێنی زۆری دەبێت، لەکاتێکدا راهێنەرە نوێیەکەی بەباشی دەست بەکارەکەی دەکات، یانەکە نازناوەکانی لەگەڵ ئینتەر یەکساندەکاتەوە و دەبێتە خاوەنی 8 نازناوی جامی سوپەری ئیتاڵیا و دووەم دێربیی میلانۆی لەسەریەکیش لە رکابەرە هاوشارییەکەی دەباتەوە، لەکاتێکدا لە 2011ـەوە رۆسۆنێری دوو یاریی لەسەریەکی لە نیرازۆری نەبردووەتەوە.
 
ئینتەرمیلان، لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا، بەهێزترین و دیارترین تیپی تۆپی پێی ئیتاڵیایە لەسەر ئاستی ناوخۆ و کیشوەری، ئەوان سێ ساڵی رابردوو لەسەریەک بوونەتە پاڵەوانی جامی سوپەری وڵاتەکە و چاویان لە چوارەم نازناوی لەسەریەکە، کە هەرگیز یانەیەک نەبووە 4 نازناوی لەسەریەکی جامەکە بباتەوە.
 
لە ریزەکانی یانەی ئینتەرمیلان، بێنیامین پاڤار و فرانچیسکۆ ئاچێربی بەهۆی پێکانەوە یاری ناکەن و بەشداریکردنی مارکۆس تورامیش لە یارییەکەدا دیارنییە.
 
لە یانەی ئەیسی میلان، ساموێل چکوێزی، نواح ئۆکافۆر و ئەلیساندرۆ فلۆرێنزی پێکانیان هەیە و رافایێل لیاو و لوفتوس چێک گەڕانەوەتەوە ئەگەری هەیە بەشداری لە یارییەکەدا بکەن.
 
یارییەکە دەبێتە سێیەم دیداری نێوان سیمۆنی ئینزاگی و سێرجیۆ کۆنسێساو، پێشتر هەردوو راهێنەر رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، راهێنەرە نوێیەکەی میلان جارێک دۆڕاوە و لە یارییەکیشدا یەکسانبوون، ئەمشەو یەکێکیان لەگەڵ خۆی ئاهەنگ و خۆشی دەباتەوە میلانۆ و ئەوەی دیکەشیان بەبێ دەنگی دەگەڕێتەوە ماڵەکەی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە