رووداو دیجیتاڵ
لە جیهانی تۆپی پێدا زۆرجار ژیانی تایبەتی یاریزانان لەگەڵ ژیانی پیشەییاندا تێکەڵ دەبێت و هەواڵی پەیوەندییە سۆزدارییەکانیان یان هاوڕێیەتییان دەبێتە بابەتێک کە سەرنجی هاندەران و میدیاکان رادەکێشێت.
پێدەچێت جود بێلینگهام، ئەستێرەی ئینگلیزی یانەی ریال مەدرید، عاشق بووبێت، بەڵام ئەمجارەیان لەگەڵ "شازادەی پۆپ"ـی ئیسپانی، ئایتانا.
ئەم پەیوەندییە گریمانەییە هەرایەکی گەورەی لە ئیسپانیا دروستکردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئایتانا لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ چەندین جار و بێ پێشینە دەرکەوتووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەگەڵ جود لایکیان بۆ پۆستەکانیان ئاڵوگۆڕ کردووە.
ئایتانا کێیە؟ پەیوەندییە گوماناوییەکەی لەگەڵ بێلینگهام چۆن کاریگەری لەسەر ریال مەدرید دەبێت؟ ئایا ئەم پەیوەندییە (ئەگەر راست بێت) کاریگەری لەسەر لایەنی هزری و ئاستی ئەستێرە ئینگلیزییەکە دەبێت لەگەڵ تیپی شاهانە؟.
دەنگێکی خۆش و ناوبانگێکی گەورە
ئایتانا خانمە گەنجێکی گۆرانیبێژی پۆپی ئیسپانییە و لەم ساڵانەی دواییدا ناوبانگێکی بەرفراوانی بەدەستهێناوە بەهۆی دەنگە خۆشەکەی و گۆرانییە گرنگەکانی کە ریتمەکانی لاتینی و پۆپی هاوچەرخ تێکەڵ دەکات، ئایتانا لە ساڵی 1999 لەدایکبووە، واتە 4 ساڵ لە بێلینگهام گەورەترە.
لە ساڵی 2017 دەستی بە کاری هونەری کردووە لە رێگەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەهرەمەندەکانی Operación Triunfo، کە تێیدا بە دەنگە بەهێزەکەی و ئاستە سەرنجڕاکێشەکەی، سەرنجی دەستەی ناوبژیوانان و بینەرانی سەرسام کرد لەو کاتەوە، ئایتانا ژمارەیەک گۆرانی سەرکەوتووی بڵاوکردووەتەوە کە لە پێشەنگی گۆرانییەکانی ئیسپانیا بوون لە رووی فرۆش و بەدەستهێنانی ملیۆنان بینەر لە یوتیوب.
بەناوبانگترین گۆرانییەکانی
بریتین لە Vas a quedarte"، "Teléfono" "Cuerpo" و "Mon Amour". کە ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی ناوبانگەکەی لە نێو گەنجانی ئیسپانیا و ئەمریکای لاتین.
پەیوەندییەکی نهێنی لەژێر تیشکی ناوبانگدا
دەنگۆی پەیوەندییەکانی بێلینگهام و ئایتانا دەستی بە بڵاوبوونەوە کرد، دوای ئەوەی ئەو خانمە گۆرانیبێژە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە زیاتر لە بۆنەیەکدا دەرکەوت بۆ ئەوەی سەیری یارییەکانی ریال مەدرید بکات، بەشێوەیەک کە پێشتر ئەو کارەی نەکردووە.
هەروەها فۆڵۆوەرسەکان سەرنجیان داوە ئاڵوگۆڕی لایک و کۆمێنت لەنێوانیاندا لە سایتەکانی سۆشیال میدیادا زۆر بووە.
ئەم دەنگۆیانە زیاتر بەهێزتر بوون بەهۆی ئەوەی بێلینگهام هەموو وێنە کۆنەکانی ئایتانای لە ئینستاگرام لایک کردووە، تەنانەت ئەوانەی کە مێژووەکەیان بۆ ساڵانێک پێش ناوبانگەکەی دەگەڕێتەوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ گرنگیدانێکی زۆری بۆی و ماوەیەکە بەدواداچوون بۆ هەواڵەکانی دەکات، تەنانەت ئەستێرەی ریال مەدرید لە هەندێک لە کۆنسێرتەکانی ئایتاناشدا بینراوە. ئەمەش بۆ زۆر کەس پشتڕاستکردنەوەی ئەو راستییەیە کە پەیوەندییەکی تایبەت لەنێوانیاندا هەیە.
قەیرانی یاریگا و "نەفرەتی خۆشەویستی"؟
کاریگەرییەکانی ئەم پەیوەندییە گوماناوییە تەنیا لە لایەنی کەسییەوە سنووردار نەبوو، بەڵکو درێژبووەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ قەیرانێک بۆ ریال مەدرید دروست بکات.
بڕیاربوو ئایتانا چەند کۆنسێرتێک لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ سازبکات، هەروەها بلیتەکان بەتەواوی لەلایەن ئامادەبووانی زۆرەوە کڕدرابوون، بەڵام بەهۆی کێشەی ژاوەژاو و گلەیی دانیشتووانی ناوچەی دەوروبەری یاریگاکە، ئەم کۆنسێرتانە هەڵوەشێنرانەوە. ئەمەش هەوادارانی ئایتانا و ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە رێکخستنی کۆنسێرتەکان تووڕە کرد.
بەشێک لە هاندەران هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتەکانیان بە پەیوەندییە گوماناوییەکەی ئایتانا و بێلینگهامەوە بەستووەتەوە و پرسیاریان کردووە ئایا یانەکە هەوڵدەدات یاریزانەکەی لە سەرقاڵکردن و "نەفرەتی خۆشەویستی" بپارێزێت، کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر ئاستەکەی لە یاریگادا هەبێت، هەرچەندە ئەو بابەتە هیچ پەیوەندییەکی بە بێلینگهامەوە نییە، چونکە هەموو کۆسێرتەکان هەڵپەسێردراون تاوەکو رێککەوتن لەگەڵ دراوسێکان دەکرێت.
پەیوەندی نهێنی
هەروەها ئایتانا و بێلینگهام پێکەوە بەشدارییان لە هەڵمەتێکی ریکلامدا کرد بۆ کۆمپانیایەکی جلوبەرگی وەرزشی. ئەوەی نزیکبوونەوەی بینەرانی لەگەڵ بیرۆکەی پەیوەندی نێوانیان زیاترکرد.
ئەو دووانە بە رووخسارێکی هاوسەنگ و خۆشەوە لە کەمپەینەکەدا دەرکەوتن. ئەمەش رەنگدانەوەی هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتنیان بوو، لەم دواییانەشدا، بێلینگهام و ئایتانا بەهەمان جلوبەرگەوە لە کاتە نزیکەکاندا لە توۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرکەوتن. کە ئەمەش پرسیاری زۆری لەسەر پەیوەندییەکەی نێوانیان ورووژاند.
ماڵپەڕی ئێل دیسمارک و رۆژنامەی ئەی بی سی ئیسپانی پێشبینی ئەوەیان کردووە کە بێلینگهام و ئایتانا بەنهێنی پەیوەندی خۆشەویستییان هەیە، هەروەها پەیوەندیی نێوانیان زیاترە لە تەنیا هاوڕێیەتی.
پرسیارە گرنگەکە
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا پەیوەندییەکی راستەقینە لەنێوان بێلینگهام و ئایتانادا هەیە؟ یان تەنیا هاوڕێیەتییە یان سەرسامبوونە بە یەکدیر؟ وەڵامەکەی هەرچییەک بێت، ئەم چیرۆکە مشتومڕهێنەرە و سەرنجێکی زۆری لە ئیسپانیا دروستکردووە، و بۆ ماوەیەکی زۆریشە بووەتە جێگای سەرنجی میدیا و جەماوەر.
ئەوەی لە هەمووی گرنگتر دەمێنێتەوە، گرنگیدانی بێلینگهامە بە کاروانی تۆپی پێی لەگەڵ ریال مەدرید، هەروەها رێگەنەدان بەوەی دەنگۆکان کاریگەری لەسەر ئاست و داهاتووی دروست بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ