مۆرینیۆ تووڕەیە: خولی تورکیا ژەهراوییە

دوێنێ کاژێر 10:19
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن جۆزێ مۆرینیۆ یانەی فەنەرباهچە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی فەنەرباهچەی تورکی، جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر خولی تورکیا و بە"ژەهراوی" ناویبرد، دەپرسیت: نازانم خەڵک لێرە لە چی دەترسن؟
 
فەنەرباهچە دوێنێ یەکشەممە، سەرکەوتنی بەسەر هاتای سپۆردا بەدەستهێنا بە 2 - 1 گۆڵ. فەنەرباهچە بەجیاوازیی هەشت خاڵ، لە دوای گاڵاتەسەرای پێشەنگ مایەوە، پاش بەڕێوەچوونی 17 گەڕی خولەکە.
 
مۆرینیۆ دوای یارییەکە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا، جارێکی دیکە تووڕەییەکی زۆری پێشاندا و گوتی، "ئەگەر رەنگی درێسەکەی ئێمە رەنگێکی دیکە بووایە، دەکرا تیپی بەرامبەر تەنیا هەشت یاریزانی لە یاریگەدا بمێنێتەوە، ئێمە دەزانین ئەم خولە چەندە ژەهراوییە".
 
سپێشەڵ وەن زیاتر گوتی، "ئەوان دەزانن چۆن لە دژی ئێمە یاریی بکەن و چۆن لە دژی ئەوانیدیکەش یاریی بکەن، (مەبەستی گاڵاتەسەرایە)، دەبوو لە یارییەکەمان بەرامبەر ئەیوب سپۆر و یارییەکەی ئەمجارەشمان، پێنج کارتی سوور بدرێت بەتیپی بەرامبەر، دۆخەکە بەوشێوەیەیە، یاریزانەکان و رکابەرەکانمان باش دەزانن چی دەکەن، بەڵام ئێمە دەبێ لە کارکردن بەردەوام بین".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی جیاوازیی خاڵەکانی یانەکەی لەگەڵ گاڵاتەسەرای، مۆرینیۆ دەڵێ، "نازانم بۆچی راستییەکان دەشارنەوە؟ بۆچی خەڵک لەم وڵاتەدا دەترسن؟ بۆچی دەترسن؟ دەزانم تۆ رۆژنامەڤانیت، بەڵام بۆچی دەترسیت؟ ئایا جیاوازیی خاڵەکانمان پەیوەندی بەو تۆپی پێیەوە هەیە کە ئەنجامی دەدەین؟ خۆت راستییەکە بڵێ و لە من مەپرسە".
 
فەنەرباهچە لەو 17 یارییەی ئەمساڵ لە خولی تورکیا ئەنجامیداون، تەنیا دوو یاریی دۆڕاندووە، لە کاتێکدا گاڵاتەسەرای پێشەنگ، تاوەکو ئێستا بێ دۆڕان ماوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە