ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید ئەمشەو بەرامبەر یانەی شارۆچکەیەکی بچووک یاری دەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو شەوی تۆمارکردنی گەورەترین مێژووە لە مێژووی شارۆچکە بچووکەکەی ئاراندا دی دوێرۆ، کاتێک یانەکەی ئەو شارە لە گەڕی 32ـی جامی شای ئیسپانیادا پێشوازی لە یانەی ریال مەدرید دەکات.
 
چ مێژوویەک لەوە گەورەترە شارۆچکەیەکی سەر بە هەرێمی بۆرگۆوس، کە ژمارەی دانیشتووانی تەنیا 33 هەزار کەسە. فڕۆکەخانەی نییە و یانەکەی لە خولی پلەی چواری ئیسپانیا یاری دەکات، پێشوازی لە یەکێک لە گەورەترین یانەکانی ئەوروپا و جیهان بکات.
 
یانەی میواندار لە قۆناخی پێشوودا مێژوویەکی تۆمارکردووە و یانەی کادیز، کە یەکێکە لە یانەکانی لالیگا، لە جامەکە دەرکردووە و 2-1 لێیبردووەتەوە، بەڵام ئەمجارە بەرامبەر ریال مەدرید یاری دەکات و بە بردنەوە و بە دۆڕانیش سەروەرییەک تۆماردەکات کە هەموو خەڵکی شارەکە بۆ هەتا هەتایە شانازی پێوەدەکەن. 
 
ریال مەدرید، کە وەک ئەنچێلۆتی راهێنەر باسی دەکات، زۆر بە بایەخەوە سەیری جامی شای ئیسپانیا دەکات و ئەوان هەمیشە بە بردنەوەی نازناوەکە دڵخۆشن و شانازی پێوە دەکەن، بۆیە ناکرێت بە بایەخەوە سەیری ئەو یارییە بکەن، تەنانەت ئەگەر بەرامبەر یانەیەکی پلە چواریش بێت.
 
ریال مەدرید وەک یەکێک لەو یانانەی بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەشداری لە قۆناخی 32ـی پاڵەوانێتییەکەدا دەکات. لە مانگی ئەیلوولەوە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا تووشی شکست نەبووە و سەرەتای ئەم هەفتەیە لە خولی ئیسپانیا بە ئەنجامی 1-0 لە مایۆرکای بردەوە و پێشەنگیی خۆی لە لالیگادا دووپاتکردەوە بەر لەوەی گەشتی سعودیە بکات بۆ بەشداریکردن لە جامی سوپەری ئیسپانیا.
 
لە بەرامبەردا رکابەرەکەی ریال مەدرید، لە دوایین هەشت یارییدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا تەنیا یەک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و 5 دۆڕانی هەیە و دووجاریش وەکهەڤ بووە. لە پێنج یاریی رابردوودا لانیکەم جارێک گۆڵیان تۆمارکردووە و چاویان لەوە دەبێت لەم یارییەدا بەردەوام بن لەو فۆرمەی گۆڵ تۆمارکردن. 
 
لۆس بلانکۆسیش، کە دوایین 18 یاری بێ دۆڕان بەڕێکردووە و لە دوایین شەش یاری لە جامی شای ئیسپانیادا پێنج سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، دەیانەوێت بەردەوام بن لەو فۆرمەیان.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، دەیەوێت لەم یارییەدا دەستپێشخەرییەکی بەهێز بکات بۆ دەستپێکردنی کارونی بەرگریکردنیان لە نازناوەکە، بۆیە پێکهاتەیەکی بەهێزی بانگهێشتکردووە، ئەگەرچی لە تواناکانی 7 یاریزانی بێبەش دەبێت، کە بریتین لە هەریەک لە كۆرتوا، ئيدێر ميليتاو، دەيڤيد ئالابا، لوكاس ڤاسكێز، تۆنی كرووس، چوامينی و ڤینیسیۆس جۆنیۆر.
 
سەرەڕای ئەوەی رکابەرەکەیان ریال مەدریدە، ئەلێکس ئیزکوێردۆی راهێنەری یانەی ئاراندینا دووپاتیکردەوە کە هەمووان شانازی بەو یارییەوە دەکەن، ئەوەش هاندەرێکی گەورەیە بۆ ئەوان بۆ ئەوەی نیگەران نەبن لە رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید و بەبێ ترس یاری بکەن، کە ئەگەر توانیان سوپرایزێک بکەن، واتا هەر لە رۆژانی سەرەتای ساڵی نوێدا گەورەترین سوپرایزی ساڵیان تۆمارکردووە، بەڵام ئەوە ئاسان نییە، بەڵکو نیمچە مەحاڵە.