رووداو راستیی دوورخستنەوەی حەیدەر سەباح لە یانەی دهۆک ئاشکرا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە راستیی دوورخستنەوەی حەیدەر سەباح، یاریدەدەری راهێنەری یانەکەی بۆ هاندەرانی ئاشکرا دەکات.
 
شەوی هەینی یانەی دهۆک بەشێوەیەکی فەرمی دەستبەرداری حەیدەر سەباح، یاریدەدەری راهێنەری یانەکەی بوو کە لە دوای وازهێنانی سلێمان رەمەزان بەشێوەیەکی کاتی ببووە راهێنەری یانەکە.
 
یانەی دهۆک لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "سوپاس حەیدەر سەباح و بەخێربێی عەلی وەهیب"، کە ئەمەی دووەمیان وەک یاریدەدەری راهێنەری یانەکە دەستبەکاردەبێت.
 
لە راگەیێنراوەکەی یانەی دهۆکدا هاتووە، لە شوێنی حەیدەر سەباح، عەلی وەهیب دەبێتە یاریدەدەری ئەحمەد خەلەف، راهێنەری یانەی دهۆک، کارگێڕیی یانەکە بەفەرمی سوپاسی کاپتن حەیدەر سەباح دەکات بۆ ئەو رۆڵەی لەگەڵ سلێمان رەمەزان گێڕاویەتی و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت لە کاروانی داهاتوویدا."
 
دوورخستنەوەی حەیدەر سەباح، لە کارەکەی لەلایەن یانەی دهۆکەوە لە سۆشیاڵ میدیادا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا کە گوایە یانەکە بە تەلەفۆنێک یاریدەدەری راهێنەری یانەکەی دوورخستووەتەوە و ئەمەش دوور لە کارکردنی پیشەگەرانە، یانەی دهۆکیش لە رێگەی رووداوەوە ئەمە رەتدەکاتەوە.
 
شڤان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی یانەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوکراوەتەوە بەهیچ شێوەیەک راست نییە و لەگەڵ شێوازی کارکردنی یانەی دهۆک ناگونجێت."
 
ئەو بەرپرسەی یانەی دهۆک دەڵێت "جاسم حاجی، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی دهۆک پەیوەندیی بە حەیدەر سەباحەوە کردووە، بۆ ئەوەی بێتە بارەگای یانەکە بۆ قسەکردن لەبارەی شێوازی دوورخستنەوەی لەکارەکەی کە لەسەر داوای ئەحمەد خەلەف، راهێنەری یانەکە بووە و پێی راگەیێنراوە کە دەمانەوێت سوپاست بکەین و هەموو شایستە داراییەکانیشت کە لەلای یانەکە ماون پێتبدەین و بە سوپاسەوە ماڵئاواییت لێبکەین، بەڵام ئەو خۆی نەهاتووە."
 
شڤان محەممەد زیاتر گوتی "پێشتر حەیدەر سەباح لەگەڵ سلێمان رەمەزان، دووجار دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێشی یانەکە کردبوو، بەڵام یانەکەی پێی باشبوو تاوەکو دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێ سەرپەرشتی تیپەکە بکات."
 
دهۆک گۆڕانکاری لە تیپەکەیدا دەکات، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا گرێبەستی لەگەڵ هەریەکە لە ئەیسەر قاسم و هارۆن ئەحمەد، یاریزانانی یانەی دالکوردی سوێدی واژۆکرد و رۆژی 12ـی ئەم مانگە یانەکە دەست بە ئامادەکارییەکانی دەکاتەوە بۆ یارییەکانی جامی عێراق و خولی ئەستێرەکانی عێراق.