رۆناڵدۆ کۆشکێکی خەیاڵی و گرانبەها لە دوبەی دەکڕێت

06-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ جۆرجینا رۆدریگز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی کۆشکێکی گرانبەها لە یەکێک لە بەنێوبانگترین شوێنەکانی دوبەی دەکڕێت.
 
بەپێی ئاژانسی بلۆمبێرگ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی بەنێوبانگی پۆرتوگالی کۆشکێکی گەورە و شاهانە لە دوورگەی نەخلە لە دوبەی دەکرێت، کە بە دوورگەی ملیاردێرەکان بەنێوبانگە و یەکێکە لە پێشکەوتووترین شوێنەکانی ئیمارات و زۆرترین کەسایەتیی بەنێوبانگی لە هەموو بوارەکاندا تێیدا کۆبووەتەوە.
 
بەپێی سەرچاوەکە ئەمساڵ رۆناڵدۆ کۆشکە ناوازەکەی وەردەگرێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی رابردوودا چەندجارێک ئەستێرە پۆرتوگالییەکە سەردانی ئیماراتی کرد.
 
میدیای بەریتانیا دەڵێت "ئەو شوێنەی رۆناڵدۆ کۆشکەکەی لێ دەکڕێت بە کۆشک و تەلاری سەرنجڕاکێش بەنێوبانگە و زۆرترین کەسایەتیی بەنێوبانگ ساڵانە سەردانی دەکەن، رووبەری کۆشکەکان دەگاتە 30 هەزار پێ چوارگۆشە، 6 ژووری جیاوازییان تێدایە، مەلەوانگەی تایبەتی هەیە، هۆڵێکی گەورەی لەشجوانی و وەرزشکردن، گۆڕەپانێکی گەورەی راگرتنی ئۆتۆمبێل و چەندین تایبەتمەندیی دیکەی تێدایە."
 
شوێنەکە هەموو پێداویستییەکی تێدایە، قوتابخانەی تایبەت، باخچەی گەورە، سەنتەری پزیشکی ناوازەی تێدایە و نزیکە لە دەریا و لە سەنتەری شاری دوبەیە.
 
رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی دەڵێت "ئەو کۆشکەی رۆناڵدۆ دەیکڕێت نرخەکەی دەگاتە 21 ملیۆن پاوەند."
 
پەیوەندیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و دوبەی لە دوای پەیوەندیکردنی یاریزانەکە بە یانەی نەسڕەوە دروست نەبووە، یاریزانەکە پێشتر کە لە ریال مەدرید بوو چەندجارێک چووەتە دوبەی و پەیوەندیی لەگەڵ بنەماڵەی شاهانەی دوبەی هەیە.
 
دوبەی یەکێک لە بەنێوبانگترین شوێنەکانی وەبەرهێنانە لە جیهاندا، ساڵانە چەندین ئەستێرەی بەنێوبانگ لەسەر ئاستی وەرزش و بوارە جیاوازەکانی دیکە بۆ بەسەربردنی پشووەکانیان سەردانی دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە