قەتەر دەستەوارەیەکی گرانبەها بۆ ئێمباپێ ئامادەدەکات

06-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمان نایەوێت دەستبەرداری بیرۆکەی هێشتنەوەی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەکەی بێت و تاوەکو ئێستاش لە نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە بێهیوا نەبووە.
 
گرێبەستی ئێمباپێ لەگەڵ یانەی فەرەنسییەکە لە هاوینی ئەمساڵدا کۆتاییدێت، یاریزانەکە ماوەیەکی زۆرە ناوی بە یانەی ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا گرێبەستی لەگەڵ یانەی شاهانە نەکردووە و دیارنییە دەچێتە ئەو یانەیە یان نا.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، بەرپرسانی قەتەر گڵۆپی سەوزیان بۆ یانەی پاریس سانجێرمان هەڵکردووە، بۆ ئەوەی دەستەوارەیەکی زۆر گەورە پێشکێشی ئەستێرە فەرەنسییەکە بکەن، بە ئامانجی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە.
 
ماڵپەری دێڤێنسا سێنترالی ئیسپانی دەڵێت "ئەگەری ئێمباپێ بیەوێت لە پاریس سانجێرمان بڕوات و سووربێت لەسەر رۆیشتن، ئەوا کارگێڕیی یانەکە پلانێکی دیکە بۆ وەڵامدانەی ریال مەدرید دەبێت.
 
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە ئەگەری رۆیشتنی کیلیان، پاریس سانجێرمان هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی نەرویجی و یانەی مانچێستەر سیتی دەستپێدەکات و ئامادەیە 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بداتە یانە ئینگلیزییەکە، لەکاتێکدا یاریزانەکە یەکێک لە ئامانجەکانی ریال مەدریدە.
 
سێنترال دەڵێت "بەم هەنگاوە پاریس سانجێرمان رێگری لە کۆبوونەوەی هەردوو ئەستێرە لە یەک یانەدا دەکات، کە ریال مەدرید بەنیازە هالاند و ئێمباپێ بەیەکەوە لە تیپەکەیدا جێبکاتەوە."
 
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە، ریال مەدرید تاوەکو ناوەڕاستی ئەم مانگە چاوەڕێی کیلیان ئێمباپێ دەکات، بۆ ئەوەی وەڵامی یەکلاکەرەوە بداتە یانەکە و بڕیاری خۆی بدات کە دەچێتە یانەکە یان نا.
 
پێشتر ئێمباپێ رایگەیاندبوو، تاوەکو ئێستا بڕیاری خۆی نەداوە و لە پاریس سانجێرمان هەموو بیرکردنەوەکان لەسەر دۆخی یانەکەن نەک داهاتووی ئەو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە