یاریزانێکی کورد بە 5 ملیۆن یۆرۆ دەچێتە پرێمەرلیگ
رووداو - هەولێر
یاریزانێکی لاوی کورد لە یانەی سێواس سپۆر لە باکووری کوردستان، پەیوەندیی بە خولی پرێمەرلیگی ئینگلیزییەوە دەکات.
یونس ئێمرە کۆناکی تەمەن 17 ساڵ، یاریزانی لاوی کورد، کە لەدایکبووی ئێلیەی باکووری کوردستانە، پێشتر لە یانەی توپراش سپۆری ئێلیە، بێبەرامبەر پەیوەندیی بە یانەی سێواس سپۆر لە خولی نایابی تورکیا کردبوو، بەڵام لەلایەن یانەی برێنتفۆردەوە دەستەوارەیەکی سەرنجڕاکێشی پێشکێشکرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەری سپۆرت دیجیتاڵ، دانوستاندنی بەرپرسانی هەردوو یانەکە بە ئەرێنی کۆتاییپێهات، بە گرێبەستێکی پێنج ملیۆن یۆرۆ رێککەوتن بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە کوردە.
رۆژی 8ـی ئابی 2023، رۆژنامەی زە گاردیانی بەریتانی، یونس ئێمرە کۆناکی خستە لیستی 60 باشترین یاریزانی لاوی جیهان بۆ لەدایکبووانی 2006 و لە هەڤپەیڤینێکیدا بە رۆژنامەکەی راگەیاندبوو "وەک یاریزانێکی لاو، ئامانج و خەونم گەیشتنە بە خولەکانی تۆپی پێ لە ئەوروپا".
پڕۆفایل..
ناو: یونس ئێمرە کۆناک
ــ رۆژی 10ـی کانوونی دووەمی 2006 لە ئێلیە لەدایکبووە
ــ لە تەمەنی منداڵیدا پەیوەندی بە ئەکادیمیای پێگەیاندنی یاریزانانی منداڵ لە یانەی توپراش سپۆر کردووە.
ــ لە ئاداری 2023دا وەک یاریزانێکی پرۆفیشناڵ یەکەم گرێبەستی فەرمیی لەگەڵ یانەی سێواس سپۆر واژۆکرد.
ــ 18ـی ئابی 2023 یەکەم یاری بۆ یانە نوێیەکەی کرد لە بەرامبەر یانەی سامسون سپۆر، کە بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی پێهات.
ــ دوو یاری بۆ هەڵبژاردەی تۆپی پێی لاوانی تورکیا کردووە.