ڤیدیۆ؛ رۆکی لەلایەن بارسێلۆناوە بە میدیا و هاندەران ناسێنرا

06-01-2024
ئیحسان تاهیر
Photo by Pau BARRENA / AFP
Photo by Pau BARRENA / AFP
نیشانەکردن ڤیتۆر رۆکی ناساندنی یاریزان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هێرشبەری لاوی بەرازیلی، ڤیتۆر رۆکی، یاریزانی نوێی یانەی بارسێلۆنا، لەلایەن یانە کەتەلۆنییەکەوە بە میدیا و هاندەران ناسێنرا و یاریزانەکە دووپاتیکردەوە کە یاریکردن بۆ بارسێلۆنا خەونی منداڵییەتی ئەوە.
 
ئەو یاریزانە سەرەتای ژیانی وەرزشیی لەگەڵ بارسا دەستپێکرد بە بەشداریکردنی وەک یاریزانێکی یەدەگ لە یارییەکەی بەرامبەر لاس پاڵماس لە لالیگادا، کە بە سەرکەوتنی بلاوگرانا بە ئەنجامی 2-1 کۆتایی هات.
 
یاریزانە بەرازیلییەکە لە شاری خوان گامپەر سپۆرتس سیتی، رۆژەکەی بە واژۆکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە دەستپێکرد، کە تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2031 بەردەوام دەبێت.
 
دوای ئەوە رۆکی لە یاریگای تیتۆ ڤیلانۆڤا بەفەرمی پێشکێشکرا.
 
ئەو یاریزانە لاوە تەمەن 18 ساڵە، بە قاتەوە هاتە نێو یاریگا، بە یاوەری رافا یوستێ، جێگری سەرۆکی بارسێلۆنا، کە خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە ئامادە نەبوو. لەو کاتەدا سروودی یانەکە دەژەنرا.
 
پاشان ئەو دووانە وەستان بۆ گرتنی وێنە لەبەردەم کامێراکان لە کاتێکدا بەشێوەیەکی رەمزی گرێبەستەکەیان واژۆ دەکرد، درێسی یاریزانەکەیان بەدەستەوەبوو کە ژمارەی 19ـی لەسەربوو.
 
لەو ساتەدا، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا، ئەندەرسۆن لویس "دیکۆ" دی سۆزاش ئامادەی رێوڕەسمەکە بوو.
 
هەروەها ڤیتۆر رۆکی تابلۆیەکی واژۆکردووە کە وێنەکەی لەسەرە و لەلایەن دامەزراوەی یانەکەوە دەخرێتە زیادکردنەوە.
 
ئەو یاریزانە گەنجە روونیکردەوە کە تەنیا 4 کاژێر دوای بەشداریکردنی دوێنێ لەگەڵ تیپەکە لە یاریگای گران کاناریا، خەوتووە، چونکە بۆ خۆی ئەم ئەزموونە وەک خەون بووە لە منداڵییەوە.
 
رۆکی ئاماژەی بەوەشکرد، پێش یارییەکەی لاس پاڵماس، چاڤی هێرناندێزی راهێنەر ئامۆژگاری کردووە ئارام بێت و تەنیا سەرنجی لەسەر یاریکردن بێت.
 
هەروەها دووپاتیکردەوە کە هەموو یاریزانە هاوڕێکانی زۆر بەباشی پێشوازییان لێکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە