نێچیرڤان بارزانی: خۆشحاڵ بووم بە ئامادەبوونم لە ئاهەنگی کردنەوەی جامی کەنداو

06-01-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کورستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کورستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی دەستپێکردنی جامی کەنداو 25 پیرۆزبایی لە خەڵکی بەسرە و هەموو گەلی عێراق دەکات و دەڵێت: "خۆشحاڵ بووم کە ئەمڕۆ لە کردنەوەی ئاهەنگی جامی کەنداو 25 ئامادەبووم."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کورستان ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی بە یاوەریی شاندێک کە پێکهاتبوون لە حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و شاکر سمۆ، بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش و لاوان بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی جامی کەنداو 25 لە بەسرە کرد. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتنی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشداری لە رێوڕەسمەکە کرد کە تێیدا جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و چەندین بەرپرسی دیکە بەشدارییان کرد.

 

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی جامی کەنداو 25 لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند، پیرۆزبایی لە خەڵکی بەسرە و خەڵکی عێراق دەکات بۆ میوانداریکردنی ئەو پاڵەوانێتییە و دەڵێت: "خۆشحاڵم کە بەشداریم لە ئاهەنگی کردنەوەی جامەکەدا کرد."
 
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت، "شانازی" بەو دەستکەوتە گرنگەوە دەکات و هیوای سەرکەوتنیش بۆ پاڵەوانێتییەکە دەخوازێت.

 

 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای دەرچوونی لەنێو یاریگە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان رایگەیاند، "ئێمە هاتبووین [بۆ کردنەوەی جامی کەنداو 25] ئەمە رووداوێکی گرنگە بۆ عێراق. پێموایە ئەمە گرنگترین رووداوە کە ئەمڕۆ لە بەسرە [بەڕێوەدەچێت]. ئێمە وەکو شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پیرۆزبایی هاتووین بۆ بەسرە و پێمان خۆش بوو. خۆشحاڵین بەم سەردانە."
 
ئەمە دووەمجارە عێراق لە مێژووی خۆیدا میوانداریی ئەو جامە بکات، دوای ئەوەی جاری یەکەم لە ساڵی 1979 لە بەغدا میوانداری کرد.

 

 
هەشت هەڵبژاردە بەشداریی جامەکە دەکەن کە بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکراون؛ یەکەمیان هەڵبژاردەکانی عێراق، سعودیە، عومان و یەمەن لەخۆدەگرێت و یارییەکانیان لە یاریگەی نێودەوڵەتیی بەسرە بەڕێوەدەچن. هەڵبژاردەکانی کۆمەڵەی دووەم لە: قەتەر، ئیمارات، بەحرەین و کوێت پێکدێن، یارییەکان لە یاریگەی نێودەوڵەتیی مینا بەڕێوەدەچن.

 

 
جامی کەنداوی 25 دووەم گەورەترین بۆنەی وەرزشیی تایبەت بە تۆپی پێیە کە عێراق لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا میوانداریی کردبێت، دوای ئەوەی لە ساڵی 2019 لە شارەکانی کەربەلا و هەولێر میوانداری پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیای کرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە