سێ یاریزانی کورد سەرکردایەتی سوورییەکان دەکەن

06-01-2019
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
هەڵبژاردەی سووریا
هەڵبژاردەی سووریا
نیشانەکردن هەڵبژاردەی سووریا، جامی ئاسیای 2019
A+ A-

رووداو - هەولێر

کاروانی هەڵبژاردەی سووریا، لە جامی ئاسیای 2019، بە رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی فەڵەستین دەستپێدەکات، کاتێک ئەمڕۆی ئێوارە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

یارییەکە کاژێر 19:00 بەکاتی باشووری کوردستان لەسەر یاریگەی یانەی شاریقە بەڕێوەدەچێت.

سووریا، پێنچەوانەی پاڵەوانێتییەکانی رابردوو، ئەمجارە بە هێز و ئامادەکارییەکی زۆرەوە بۆ رکابەرییەکان ئامادەیە و چاوی لەوەیە بۆ یەکەمجار لەمێژوویدا قۆناخی کۆمەڵەکان ببڕێت، لەکاتێکدا لە پێنج بەشداریی رابردوویدا نەیتوانیووە بگاتە قۆناخی دووەمی پاڵەوانێتییەکە.

هەڵوەکانی قاسیۆن لەلایەن بێرند ستانگی، راهێنەری ئەڵمانی سەرکردایەتیان دەکرێت و زۆرترین چاویش بۆ سەرکردایەتیکردنی هەڵبژاردەکە لەسەر عومەر سۆما، هێرشبەر و ئەستێرەی یانەی هیلالی سعودی دەبن بۆ ئەوەی سەرکردایەتی سوورییەکان بکات، ئەمە جگە لەوەی هەریەکە لە ئەحمەد ساڵح، بەرگریکەر و کاپتنی هەڵبژاردە، محەممەد عوسمان و ئۆسامە ئۆمری، یاریزانانی کورد لە هەڵبژاردەکەدا بەشێکی گرنگ دەبن.

هەڵبژاردەی فەڵەستین دوایین ئامادەکاریی بۆ یەکەم یاریی ئەنجامداوە و بۆ بەرامبەر سوورییەکان ئامادەیە.

فەڵەستین ئەمە جاری دووەمە بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکات، جاری پێشوو کە رکابەرییەکانی لە ئوسترالیا بەڕێوەچوو نەیتووانی بگاتە قۆناخی دووەم، بۆ ئەمجارەش ئەنجامێکی باش لە هەڵبژاردەکە چاوەڕێ ناکرێت، بەڵام چەند یاریزانێکی پیشەگەر بۆ هەڵبژاردەکە بانگێشتکراون و ئامانجیش بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە لە سەرەتای پاڵەوانێتییەکەدا.

ئەحمەد حەسەن، راهێنەری فەڵەستین ئامادەیی هەڵبژاردەکەی بۆ یارییەکە دووپاتکردووەتەوە و پێی وایە، ئەگەر بە ئەنجامێکی باش لە یاریی یەکەمدا بێنە دەرەوە بەرێژەی 70% دەگەنە قۆناخی داهاتوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە