زیدان باسی گواستنەوەی یاریزانان بۆ ریال مەدرید دەکات


رووداو - هەولێر

زینەدین زیدان، راهێنەری ریال مەدرید رایگەیاند، ئێستا هەموو هەوڵێکیان بۆ پارێزگاریکردنە لە یاریزانەکانی.

لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەی سبەی بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ زینەدین زیدان، دەربارەی پێکانی سێرخیۆ رامۆس گوتی، لەدەستدانی ئەو یاریزانە زیانێکی گەورە بەر تیپەکە دەگەیێنێت، ئەو سەرکردەی یانەکەیە.

زیدان لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی گواستنەوەی یاریزانان و پێویستیی یانەکە بۆ بەهێزکردنی هێلەکانی یانەکە گوتی، ئەوە پرسیارێکی باشە، بەڵام ئێستا ئێمە دەمانەوێت بەرگری لە مانەوەی یاریزانەکانمان بکەین.

زیدان دەربارەی گواستنەوەی کێپای گۆڵپارێزی ئاتلێتیک بیلباو رایگەیاند، یانەکەیان ئێستا پێویستیی بە گۆڵپارێز نییە و لە داهاتوو ئەگەر گۆڕانکاریی کرا دەتوانن قسەی لەسەربکەن.

راهێنەری ریال مەدرید گوتیشی، گرنگ نییە لە گواستنەوەی زستانەدا گرێبەست لەگەڵ یاریزانی نوێ واژۆبکەین، لەم گواستنەوەیشدا من راهێنەری ریال مەدریدم.

دەربارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆش زینەدین زیدان گوتی، نامەوێت رۆناڵدۆ لە دەرەوەی ریال مەدرید ببینم و گوتیشی، من لەگەڵ یاریزانەکانی تیپەکەم دڵخۆشم و نامەوێت هیچ یەکێکیان لە یانەکە بڕوات.