ئارنی سلۆت: سەڵاح ناوازە و نایابە
رووداو دیجیتاڵ
ئارنی سلۆت، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، پەسنی تواناکانی محەممەد سەڵاح، هێرشبەری یانەکەیدا، پاشئەوەی لەگەڵ نیوکاسڵ لە پرێمەرلیگ بە 3 - 3 یەکسانبوو.
سلۆت، لە دوای یارییەکە بەرۆژنامەڤانانی راگەیاند، "هەستی جیاوازم هەیە، لە گێمی دووەمدا زۆر نایاب بووین، بەڵام لە گێمی یەکەمدا ئاستمان باشنەبوو، لەبەرئەوە یەکسانبوونەکە دادپەروەرانە بوو".
ئەو راهێنەرە هەروەها گوتی، "نیوکاسڵ بەبرسێتییەکی زۆرەوە یارییکرد، ناچاریکردین هەندێک هەڵە بکەین، بەڵام ئێمە لە گێمی دووەمدا زۆر باشتر دەرکەوتین، دەمزانی کە ئێمە یارییەک دەکەین، زوو زوو ئەنجام تێیدا دەگۆڕێت".
سلۆت لە پەسنی تواناکانی محەممەد سەڵاحدا کە دوو گۆڵی تۆمارکرد، گوتی، دوای هەفتەیەکی قورس، توانیمان ئەنجامی یارییەکە بگۆڕین، ئەمە نیشانەیەکی پۆزەتیڤە، هەر کاتێک پێویستمان بەسەڵاح هەبێت، ئەو گۆڵ تۆمار دەکات".
محەممەد سەڵاح دوو گۆڵی بۆ لیڤەرپوول لە یارییەکەدا تۆمارکرد، لە کاتێکدا گۆڵی سێیەمی لیڤەرپوول، کۆرتینز جۆنز تۆماریکرد و گۆڵەکانی نیوکاسڵیش لەلایەن ئەلیکساندەر ئایزاک، ئانتۆنی جۆردن و فابیان شارەوە تۆمارکران.
راهێنەری لیڤەرپوول زیاتر گوتی، "هیوادارم سەڵاح ماوەیەکی درێژە لە پێشاندانی هەمان ئەو ئاستە بەردەوام بێت کە پێشانی دەدات، ئەو نایاب و ناوازە بوو لە گێمی دووەمدا".
سەڵاح لەگەڵ کارگێڕیی لیڤەرپوول هەست بەجۆرێک لە نیگەرانیی دەکات، چەند جارێک ئاشکرایکردووە، وێڕای نزیکیی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا لیڤەرپوول دەستپێشخەریی نەکردووە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
سەڵاح لە یارییەکەی نیوکاسڵدا، ئەسیستی بۆ گۆڵی یەکەمی لیڤەرپوولیش کرد و یانەکە بەو یەکسانبوونە، بە 35 خاڵ لە پێشەنگی پرێمەرلیگ مایەوە، چێڵسی نزیکترین رکابەری لیڤەرپوولە و 28 خاڵی هەیە، هاوتای ئارسیناڵ.