رووداو دیجیتاڵ
کریستۆف گالتێ، راهێنەری پێشووی یانەکانی نیس و پاریس سانجێرمان بە تۆمەتی رەگەزپەرستی و و جیاکاری رووبەڕووی دادگە دەکرێتەوە و رۆژنامەی لێیکیپی فەرەنسی ئەو قسانە ئاشکرا دەکات کە راهێنەرەکەی پێتۆمەتبارکراوە.
کریستۆف گالتێ کە ئێستا لە فەرەنسا دوورکەوتووەتەوە و راهێنەرایەتی یانەی دحێلی قەتەری دەکات، هێشتا چیرۆکی لەگەڵ خولی فەرەنسی کۆتایی نەهاتووە و رۆژی 15ـی ئەم مانگە بە تۆمەتی رەگەزپەرستی و جیاکاری لە دادگەی تاوانی نیس دادگایی دەکرێت.
ئەمڕۆ 5ـی مانگی 12، پۆلیسی فەرەنسا وتەی چەندین یاریزان و کەسایەتی وەرگرت لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی راهێنەرە فەرەنسییەکە کراون، دواتر رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی وردەکاریی قسەکان بڵاودەکاتەوە کە لەلایەن کەساتییەکانەوە بۆ پۆلیس کراون، دەرکەوتووە بەشێک لە قوربانییەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تووشی رەگەزپەرستی بێوێنە کراون لەلایەن راهێنەرەکەوە، هەروەها بەشێك لەو کارمەندە رەشپێستانەی لەگەڵ راهێنەرەکە کاریان کردووە دەڵێن کە ئەو بە " گۆریلا" ناوی بردوون.
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بە وتەی شایەتحاڵەکان گالتێ رقێکی زۆری بۆ سەرجەم یاریزانە جەزائیرییەکان بە تایبەتی نێشانداوە گوتوویانە کە لە گواستنەوەی زستانەی ساڵی 2022 راهێنەرەکە تووڕەیی خۆی بە گرێبەستی بیلال براهیمی یاریزانی نێودەوڵەتی جەزائیری دەربڕیوە و گوتوویەتی "مسوڵمانێکی دیکە؟ من نامەوێت، خۆمان مسوڵمانمان زۆرە". هەروەها بە وتەی ئەوان راهێنەرەکەی پێشووی پاریس سانجێرمان هەردوو یاریزانی جەزائیری هیشام بوداوی و یوسف عەتاڵ بە "کەسانی پیس" ناوبردووە و گوتویەتی "خراپترینیان جەزائیرییەکانن" لە رووداوێکی دیکەشدا گوتوویەتی "من هیچ یاریزانێکی دیکەی رەشپێست و عەرەبم ناوێت".
جان کلێر تۆدیبۆ، بەرگریکاری پێشووی یانەی نیس کە لە ماوەی یاریکردنی بۆ یانەکە گالتێ راهێنەری بووە، بە پۆلیسی گوتووە کە گالتێ زۆری لێکردووە بۆ ئەوەی لە مانگی رەمەزاندا رۆژووەکەی بشکێنێت، یاریزانەکە تەنانەت باسی لەوە کردوە کە کەسێك بۆی گێڕاوەتەوە کە گالتێ ئەوی بە "سەلەفی و تووندڕەو" ناوبردووە.
کریستۆف گالتێ، ساڵی 2021 پەیوەندی بە یانەی نیسی فەرەنسییەوە کرد و دوای ساڵێك پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کرد، لەگەڵ یانە پارسییەکە بۆ ماوەی ساڵێك مایەوە و توانی نازناوی خولی فەرەنسی و سوپەری فەرەنسا بەدەستببهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ