ئەستێرەیەکی پێشووی مان یونایتد هێرشدەکاتە سەر یانەکە

05-12-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن پرێمەرلیگ مانچێستەر یونایتد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یاریزانێکی پێشووی مانچێستەر یونایتد باسی هۆکاری خراپی ئاستی یانەی پێشووی دەکات و ناوی ئەو دوو یاریزانە دەهێنێت کە هەمیشە بەهۆی هەڵسوکەوتیانەوە هاوتیپەکانیان تووڕەکردووە.

نێمانیا ماتیچ، یاریزانی پێشووی یانەکانی مانچێستەر یونایتد و چێڵسی لە هەڤپەیڤینێکدا بەراوردی نێوان ئەو دوو یانەیەی پێشووی دەکات و دەڵێت "لە چێڵسی یاریزانەکان بەشێوازێكی پێشەگەرانە مامەڵەیان دەکرد، هەموومان لە کاتی خۆیدا ئامادە دەبووین و هەرگیز بۆ راهێنانەکان دوانەدەکەوتین، بەڵام لە مانچێستەر یونایتد هەموو رۆژێك بەشێکیان دوادەکەوتن و نزیکەی هەموو رۆژێک ئەوە دووبارە دەبووەوە."

دواتر یاریزانی پێشووی مان یونایتد گوتی" ئەو دوو یاریزانانەی کە هەمیشە دوادەکەوتن پۆڵ پۆگبا و جەیدن سانچۆبوون لەگەڵ چەند یاریزانێكی دیکە".

لە کۆتاییدا ماتیچ باس لەو رێگەچارەیە دەکات کە گرتوویانەتە بەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و دەڵێت "بەشەکەی دیکەمان کە لە کاتی خۆیدا ئامادە دەبووین زۆر تووڕە بووین، بۆیە بڕیارماندا لێژنەیەکی تەمبێکاری درووستبکەین و من وەك سەرۆکی لێژنەکە هەڵبژێردرام، پارچە کاخەزێكم لە دیوارێكدا و ناوی ئەو یاریزانانەم دەنووسی کە دوادەکەوتن و دواتر بە بڕە پارەیەك سزا دەدران، لە یەکێك لە وەرزەکاندا بڕی 75 هەزار پاوەندمان کۆکردەوە بە سزادانی ئەوانەی دوادەکەوتن، دواتر ویستمان بەو پارەیە ئاهەنگێك لە لەندەن بکەین بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەمانکرد". 

نێمانیا ماتیچ، لە ساڵی 2017 بە گرێبەستێك بە بڕی 44.7 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی چێڵسییەوە پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە کرد و توانی لەگەڵ یانەکەدا لە 189 یاریدا بەشداری لە 15 گۆڵدا بکات، دواتر لە ساڵی 2022 مانچێستەر یونایتدی جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی رۆماوە کرد، پاشان مانگی هەشتی ئەمساڵ رۆمای جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی رێنی فەرەنسییەوە کرد. 

ئەم قسانەی نێمانیا ماتیچی سێربی لەبارەی مانچێستەر یونایتدەوە لەکاتێکدان، پێشتر کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەر لەوەی لە پرێمەرلیگەوە بچێتە سعودییە لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنییە لەبارەی کێشەکانی مان یونایتدەوە قسەیکرد و رایگەیاند، ئەوەی ئێستا لە یانەکەدا هەیە هەمان ئەو شتانەن کە پێشتر لە کاتی یارییکردنم بۆ یانەکە لە جاری یەکەمدا هەبوون و یانەکە هیچ گۆڕانکارییەکی بەخۆیەوە نەبینی، ئیدی دوای ئەم قسانەی دۆن، یاریزانی دیکە بوێری ئەوەیان بۆ دروستبوو کە بتوانن باس لە کێشەکانی نێو یانەکە بکەن.

مانچێستەر یونایتد بە هەڵبەز و دابەزێکی زۆردا تێدەپەڕێت، لە پرێمەرلیگدا لە دوایین یارییدا بە نیوکاسڵ دۆڕا و لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکەیە و  هەلی سەرکەوتنیشی بۆ قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ زۆر لاوازە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە