پەیامی بێلینگهام دوای بردنەوەی خەڵاتی گۆڵدن بۆی

 
رووداو دیجیتاڵ

جود بێلینگهام، ئەستێرەی لاوی ئینگلیزی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، خەڵاتی گۆڵدن بۆی، بۆ باشترین یاریزانی لاو بەدەستهێنا و دەڵێت "هەموو شتێک دەکەم بۆ یارمەتیدانی تیپەکەم لە بردنەوەی نازناوەکاندا."
 
لە رێوڕەسمێکدا کە لە شاری تۆرینی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، جود بێلینگهام وەکو باشترین یاریزانی لاو لەسەر ئاستی جیهان خەڵاتکرا و خەڵاتی گۆڵدن بۆی پێدرا.
 
یاریزانەکە بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە چووە سەر ستەیج بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە و قسەی بۆ ئامادەبووان کرد و دڵخۆشیی خۆی بەبردنەوەی خەڵاتەکە پێشاندا.
 
بێلینگهام لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی "بەڵێ، پێموایە ئەمە ئەنجامی یارییکردنە لەگەڵ یاریزانە گەورەکان، کاتێک من لاو بووم و لە ئەکادیمیای بێرمینگهام یارییم دەکرد، هەمیشە ئەو جۆرە بەرپرسیارێتییەم هەبوو بۆ یارمەتیدانی تیپەکە و هەوڵدان و سەرکەوتن و پاڵنان بۆ پێشەوە، بۆیە من زۆر بەختەوەرم. لەو کاتەوەی دەستم بە یاریکردن کردووە لەگەڵ کۆمەڵێك یاریزانێکی سەرسوڕهێنەر یارییمکردووە و چەندین تەکنیکی بچوکم لەوان وەرگرتووە. سوپاسگوازی هەموو ئەو کەسانەم کە لە رێگەدا ناسیوومن و یارمەتیدەرم بوون بۆ ئەوەی بگەم بەو ئاستەی ئێستام."
 
یاریزانە لاوەکەی ریال مەدرید دەڵێت "من هەوڵدەدەم بۆ ئەوەی تیپەکەم و وڵاتەکەم بکەم بەباشترین تیپەکانی جیهان، پێموایە بۆ ئەوەی باشترین یاریزانی جیهان بیت دەبێت ئەوە بکەیت کە یارمەتی تیپەکانت بدەیت بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەستبهێنن، دەمەوێت هەموو رۆژێک باشتربم و هەوڵبدەم و هەموو هەفتەیەک لە باشترین ئاستی خۆمدا بم و یارمەتی تیپەکە بدەم بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن."

 
بێلی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی ئامانجەکانی بە ئامادەبووانی گوت "پێموایە دەبێت هەمیشە ئامانجەکان گەورەبن، دەمەوێت هەموو شتێک ببەمەوە و پێموایە ئاساییە، چاوەڕوانییەکان لە یانەیەکی وەکو ریال مەدرید و یارییکردن بۆ وڵاتێکی وەکو ئینگلتەرا بەهەمان شێوە گەورەن، بۆیە من لەنێو گوشارێکی زۆردام، بەڵام دەزانی، ئەوە شتێکە کە چێژی لێ وەردەگرم."
 
جود هێشتا قسەیکرد و دەڵێت " ئەوە دەستکەوتێکە کە بتوانم نوێنەرایەتی ئەو دوو تیپە بکەم، دیارە ناتوانم هیچ بەڵێنێک بدەم، بەڵام بەتەواوی هەموو ئەو شتانە دەکەم کە پێویستە و هەوڵدەدەم بۆ یارمەتیدانی تیپەکە لە بردنەوەی نازناوەکاندا."
 
ناوەڕاستکارە گۆڵکارەکەی ئینگلتەرا لەبارەی ئەو یاریزانانەی ئەم خەڵاتەیان بەدەستهێناوە دەڵێت "هەموو ئەوانەی خەڵاتەکەیان بردووەتەوە یاریزانی گەورەن، شەرەفێکی گەورەیە بۆ من کە لەم لیستەدام، شێوازی یارییکردنی وەین روونی و تێکوشانی ئەو بۆ بردنەوە زۆرترین کاریگەریی لەسەر من هەبوو، چونکە خەڵکی ئینگلتەرا بوو، بەڵام یاریزانی دیکەش هەن کە کاریگەرییان لەسەر من هەبووە و بەشێکم لێیان وەرگرتووە، زۆر سوپاسگوزارم کە بەشدارم لەم لیستەدا."

 
جود بێلینگهام تەمەنێکی لاوی هەیە، لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لە باشترین کاتەکانیدایە، لەو کاتەوەی پەیوەندیی بە ریزەکانی یانە ئیسپانییەکەوە کردووە، بەشێوەیەکی گشتی 17 یاریی ئەنجامداوە، 15 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردووە و 4 ئاسیستی هەبووە و رۆڵێکی گەورەی لە ئەنجامەکانی یانەکەدا هەیە.