کێ زڵاتانی لە وازهێنان لە یاریکردن پاشگەزکردەوە؟ خۆی وەڵام دەداتەوە

رووداو دیجیتال

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، ئەستێرەی سوێدی یانەی میلانی ئیتالی، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، باس لە هۆکاری وازنەهێنان لە یاریکردن و مانەوەی لە میلان دەکات، ئاماژەش بۆ چۆنیەتی رۆیشتن لە بارسێلۆنا دەکات.

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، سەرەتا باسی جێهێشتنی ریزەکانی بارسێلۆنای کرد و گوتی "کاتێک لە بارسێلۆنا بووم، گالیانی هاتە ماڵم و پێیگوتم من لێرە ناڕۆم تاوەکو لەگەڵ من دێیت".

ئیبرا هەروەها گوتی "نەمزانی هەڵەی من لەگەڵ بارسێلۆنا چیبوو، بەڵام تەلەفۆنێک لە میلانەوە هەمیشە هانتدەدات، هەروەها من دەشمزانی لە تواناماندا دەبێت شتێک ببەینەوە، من حەز لەو ئالنگاریانە دەکەم، وزەم پێدەبەخشن".

ئەستێرەی سوێدی لە بەشێکی قسەکانیدا، باسی ستیفانۆ پیۆلیی راهێنەری ئێستای لە میلان کرد و گوتی "ئەو نەیهێشت واز لە یاریکردن بێنم، چونکە بڕیارمدابوو بەیەکجاری وازبێنم".

زڵاتان لەو بارەیەوە گوتی "پیۆلی لێیپرسیم دەتەوێ چی بکەی؟ پێمگوت واز لە یاریکردن دێنم، نامەوێت ساڵێکی دیکەش دوور لە منداڵەکانم بژیم، ئەویش گوتی رێز لە بڕیارەکەت دەگرم".

ئیبرا هەروەها گوتی "رۆژی دواتر تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی من رێگەم پێدای بە ئاسانی بڵێی نەخێر، بەڵام دەبێ بمێنییەوە، ئیدی بڕیارمدا بمێنمەوە".

ئەو ئەستێرە سوێدییە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە بڕیاری مانەوەی هیچ پەیوەندییەکی بە پارە و گرێبەستەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی رێز و خۆشەویستییەوە بووە، بۆیە راستەوخۆ تەلەفۆنی بۆ مینۆ رایۆلاوە کردووە و پێیگوتووە باشە دەمێنمەوە و گرێبەستەکە واژۆ بکە.