وەرزشوانانی ئەمریکا لە نێوان ترەمپ و هاریس کامیان هەڵدەبژێرن

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و وەرزشوانانیش پشتیوانی لە بەربژێرەکانی هەڵبژاردنەکە دەکەن, لە کاتێکدا ئەنجامە سەرەتاییەکان هاوسەنگی نیشاندەدەن لەنێوان کاملا و ترەمپ.
 
هەردوو ئەستێرەی خولی باسکەی ئەمریکی، ستیفان کێری و لیبرۆن جەیمس پاڵپشتی لە بەربژێری دیموکراتەکان دەکەن کە کاملا هاریس، و  مایک تایسۆنی بۆکسەری بەنێوبانگ پاڵپشتی دۆناڵد ترامپ دەکات.
 
ئەستێرە و کاپتنی یانەی گۆڵدن ستەیت ستیفان کێری،  لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس داوای لە خەڵکی ئەمریکا کردووە بڕۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن بە کاملا هاریس، و نوسیبووی " ساڵی رابردوو ئەو دەرفەتەم پێدرا کە سەردانی کاملا بکەم لە کۆشکی سپی و ئەوکات زانیم کە ئەو شایستەی سەرۆکایەتی ئەمریکایە، با بەیەکەوە بڕۆین و بەجۆرێک دەنگ بدەین کە پێشتر نەمانکردووە."
 
لە لایەکەی دیکەوە پاشای باسکە، لیبرۆن جەیمس بێ ئەوەی بەشداری کەمپینی دیموکراتەکان بکات، تەنیا بە پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پاڵپشتی خۆی دووپات کردووەتەوە بۆ کاملا و نووسیبووی " کاتێک من بیر لە منداڵەکانم و خێزانەکەم دەکەمەوە کە چۆن گەورە دەبن، بژاردەکە بۆ من ئاسانە، دەنگ بدەن بە کاملا هاریس".  
 
پێشتر دۆناڵد ترەمپ بە ئاشکرا پاڵپشتی دەکرد لە یاری گۆڵف و یاری هونەرە جەنگییەکان، بۆیە دانا وایتی سەرۆکی رێکخراوی یو ئێف سی کە تایبەتە بە یاری ئێم ئێم ئەی بە ئاشکرا پاڵپشتی لە بەربژێری کۆمارییەکان دەکات.
 
هەروەها بۆکسێنەری بەنێوبانگ مایک تایسۆن دەنگی خۆی ئاشکراکرد و گوتی " من دەنگ دەدەم بە ترەمپ. کەس هەیە هیچ بکات دەربارەی ئەمە؟ .
 هەروەها هالک هۆگەنی ئەستێرەی زۆرانبازی ئازادیش پاڵپشتی لە دۆناڵد ترەمپ کرد، کاتێک لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی دۆناڵد ترەمپ بزنسمانە و ئەو دەزانێت چۆن بازرگانی بکات وەک ئاماژەیەک بۆ یاری زۆرانبازی کە چۆن بازاڕگەری بۆ بکرێت.
 
بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکەنی هەڵبژاردنی ئەمریکا هەردوو بەربژێر زۆر نزیکن لە یەک و دیارنییە کە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا کێیە.