ئەمشەو رۆناڵدۆ لە چامپیۆنزلیگدا یاریی هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکی لووتکەی چامپیۆنزلیگی ئاسیادا، یانەی نەسڕی سعودی میوانداریی یانەی عەینی ئیماراتی دەکات.
 
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەم کاژێر 21:00 لە یاریگەی ئەول پارک لە ریاز بەڕێوەدەچێت، نەسڕ دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و زیاتر لە پلەکانی پێشەوە نزیکببێتەوە، جگە لەوەش چاویان لەوەیە تۆڵەی دۆڕانیان بەرامبەر ئەو یانەیە لە وەرزی رابردوودا لە قۆناخی هەشت لە یانە ئیماراتییەکە بکەنەوە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دوایین یاریی یانەکەدا لێدانی سزای لەدەستدا و نەسڕ بەو هۆیەوە لە جامی شای سعودییە کرایە دەرەوە بۆ ئەم یارییە لە دوایین مەشقەکاندا بەشداربووە، بەڵام چەند سەرچاوەیەک دەڵێن، ئەگەری هەیە بەهۆی ماندووبوونەوە یاری نەکات.
 
یانەی عەین ئەنجامەکانی باش نین، لە سێ گەڕی رابردوودا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و دووجار دۆڕاوە، لەکاتێکدا پاڵەوانی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگی ئاسیایە.
 
نەسڕ لەو کاتەوەی ستیفانۆ پیۆلیی لە شوێنی لویس کاسترۆ کردووەتە راهێنەری یانەکە، تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە و لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئاسیا ئەنجامەکانی تارادەیەک باشن، ئەمشەویش دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە لەسەر ئاستی ئاسیا تۆماربکات.