ئارتۆرۆ ڤیداڵ تۆمەتبارە بەدەستدرێژیی سێکسی و بێهۆشکردنی ئافرەتێک

05-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئارتۆرۆ ڤیداڵ هەڵبژاردەی چیلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەر رۆژنامەڤانییە فەرەنسییەکان ئاشکرایانکردووە، ئارتۆرۆ ڤیداڵ، یاریزانی پێشووی یانەکانی بارسێلۆنا و یوڤێنتوس، بەدەستدرێژیی سێکسی و بێهۆشکردنی ئافرەتێک تۆمەتبارکراوە.
 
ئەو سەرچاوانە گوتویانە، ڤیداڵی یاریزانی ئێستای کۆلۆ کۆلۆی چیلی، تۆمەتبارکراوە بەدەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتێک لە یانەیەکی شەوانە لە سانتیاگۆی پایتەختی چیلی، پاشئەوەی ئافرەتێک لای پۆلیس سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە و پۆلیسیش ئەو یاریزانەی بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشتکردووە.
 
ماڵپەری 'فۆت میرکاتۆ' دەڵێ، کچێکی گەنج، گوتویەتی لە یانەیەکی شەوانە لە ناوچەی ڤیتاکۆرا لە سانتیاگۆی پایتەختی چیلی بێهۆشکراوە، پاشئەوەی لەسەر بانگهێشتی ئارتۆرۆ ڤیداڵ چووتە ئاهەنگی لەدایکبوونی یەکێک لە یاریزانانی تیپەکە.
 
راپۆرتەکە دەڵێ، ڤیداڵ لە شوێنی رووداوەکە بەسەرخۆشی دەستگیرکراوە، کاتێک لەگەڵ کۆمەڵێک لە یاریزانانی دیکەی تیپەکە بووە. 
 
ڤیداڵ و کۆمەڵە یاریزانەکە، پاشئەوەی پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە، هەوڵی راکردنیان داوە، بەڵام دەستگیرکراون و براونەتە بنکەی پۆلیس بۆ لێکۆڵینەوە و ماوەیەک دەستبەسەرکراون، بەرلەوەی ئازاد بکرێن.
 
بەڕێوەبەری ئەو یانەیەی رووداوەکەی تێدابووە، بە پۆلیسی گوتوە کچێکی تەمەن 22 ساڵ، لەگەڵ هاوڕێکانی هاتووەتە ئاهەنگەکە، بەڵام دواتر بەتەنیا ماوەتەوە و پاشماوەیەک بەجۆرێک بێهۆشبووە نەیتوانیوە بەپێوە رابوەستێت، یان قسە بکات، تەنیا ئەوەندەی پێکراوە تەلەفۆنی بۆ خوشکەکەی کردووە تاوەکو بێت بەشوێنیدا و بیباتەوە.
 
عەقید، جیراردۆ ئارافینا، ئەفسەری لێکۆڵینەوە لە پۆلیس وردەکاریی دەستگیرکردنەکەی ڤیداڵ راگەیاندووە و دەڵێ، "سکاڵای لەسەر کاری سێکسی لەسەر تۆمارکراوە، بەڵام دواتر بەدەستەبەر ئازادکراوە".
 
ئەفسەرەکە هەروەها دەڵێ، ئەوەی روویداوە بەشێکە لە لێکۆڵینەوەکان بۆ دەستنیشانکردنی تاوانباری راستەقینە لە رووداوەکەدا.
 
ئەوەشی خستووەتە روو کە ڤیداڵ و یاریزانەکانی دیکە گومانی تێوەگلانیان هەیە لە دەستدرێژییەکە و ئەگەر هەیە دواتر بانگهێشتی لێکۆڵینەوە بکرێنەوە.
 
ڤیداڵ 96 یاریی بەدرێسی بارسێلۆناوە ئەنجامداوە، 11 گۆڵی بۆ ئەو یانەیە تۆمارکردووە، بەرلەوەی لە 2020 بچێتە یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی و پاشان فلامینگۆی بەرازیلی و دواتریش ئاتلێتیکۆ پارانێنسی، بەرلەوەی دواجار بگەڕێتەوە چیلی و یاریی بۆ یانەی کۆلۆ کۆلۆ بکات.
 
ڤیداڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی چیلی دوو نازناوی کۆپا ئەمێریکای بەدەستهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە