ڤیدیۆ؛ ئەمشەو یارییە تایبەتەکەیە و ئەنچێلۆتی بەرامبەر میلان یاری دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یاریزانانی ریال مەدریدن، خۆیان بۆ یارییەکی لووتکەی چامپیۆنزلیگ و رووبەڕووبوونەوەیەکی یانەیەکی گەورەی ئەورووپا ئامادەدەکەن و دەیانەوێت سێیەم بردنەوە تۆماربکەن.
ئەمشەو لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، دوو یانە گەورەکەی چامپیۆنزلیگ، ریال مەدرید و ئەیسی میلان رووبەڕووی یەکدەبنەوە، کارلۆ ئەنچێلۆتی، بەرامبەر ئەو یانەیە یاری دەکاتەوە کە 2762 رۆژی تەمەنی لەگەڵ ئەوان بووە و لەو ماوەیەدا 2 جار باوەشی بە جامی چامپیۆنزلیگدا کردووە.
ریال مەدرید بەهۆی ئەو بارودۆخەی ڤالێنسیا و ئیسپانیا تێیکەوتوون، لە گەڕی رابردووی لالیگادا یاریی نەکردووە، لە رووی جەستەییەوە تیپەکە باشتر ئامادەیە، بەڵام لە رووی هزرییەوە وەکو ئەنچێلۆتی دەڵێت "هەمووان بیریان لای ڤالێنسیایە."
لۆس بلانکۆس لە سێ گەڕی رابردوودا، دوو بردنەوە و دۆڕانێکی هەیە، ئێستا لە پلەی دوادەیەمی ریزبەندە بە 6 خاڵ و دەیەوێت هەنگاوی زیاتر لە ریزبەندەکەدا بچێتە پێشەوە.
بەر لە یارییەکە کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا بە کەمترین قسە لەسەر یارییەکە وەستا و زیاتر باسی ئەو دۆخەی کرد کە ئیسپانیا پێیدا تێدەپەڕێت.
کارلۆ بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئێمە زۆر راراین، لەگەڵ ئەو پەڕی رێزم بۆ ئێوە، بەڵام بارێزی ئەوانە بگرین کە ئێستا دەناڵێنن لەدەست ئەم کارەساتەی کە روویداوە، بۆیە هەوڵ دەدەم ئەم کۆنگرە رۆژنامەڤانییە زۆر سادە بێت و حەز ناکەم زۆر باسی تۆپی پێ بکەم، لە کۆتاییدا یارییەکەی ئەیسی میلان زۆر تایبەتە بۆ من، دڵخۆشدەبم ئەگەر زۆر باسی ئەم یارییە بکەم، بەڵام وەکو گوتم حەز ناکەم زۆر باسی تۆپی پێ بکەم."
ئەنچێلۆتی دەڵێت "ئەوی روویدا شتێکی زۆر سەرسوڕهێنەر بوو، لە هەمان کاتدا زۆر ناخۆشیش بوو، ئێمە خۆمان ئامادەکرد بۆ یارییەکە، چونکە ئێمە پیشەگەرین، هەوڵ دەدەین یارییەکە بکەین و ببەینەوە،بەڵام تەنیا لەبەر ئەوەی کە ئێمە لەسەرمانە ئەوە بکەین."
راهێنەری ریال زیاتر گوتی "کاتێک خەڵک لە ژیانیاندا کێشەیان هەیە ناتوانین خۆشی بگێڕین، تۆپی پێ پێویستە بوەستێت، چونکە تۆپی پێ کەمترین گرنگی هەیە لە ژیانی ئێمەدا، بەڵام وەکو گوتم ئێمە تەنیا کارمەندین و ئێمە ناتوانین بڕیار بدەین."
ئەیسی میلان لە چامپیۆنزلیگدا بارودۆخی باش نییە و لە سێریا ئاشدا، هێشتا ئەوەی نەکردووە کە هاندەران دەیانەوێت و چاوەڕێی دەکەن، یانەکە لە سێ گەڕدا تەنیا یەک بردنەوەی بەرامبەر کلەب برووج تۆمارکردووە و دوو یاریی بەرامبەر لیڤەرپوول و لیڤەرکوزن دۆڕاندووە.
دۆڕان لە یارییەکەی بەرامبەر ریال مەدرید، هێشتا هەلی ئەو یانەیە کەمدەکاتەوە، بۆ رکابەریکردن لەسەر قۆناخی داهاتوو، لە قۆناخی یەکەمدا.
پاوڵۆ فۆنسێکا، راهێنەری یانەی میلان بەر لە یارییەکە دەڵێت "دەزانین ئێمە بەرامبەر یانەیەک یاری دەکەین، هەمیشە بەربژێرە بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، چونکە لە چەند ساڵی کەمی رابردوودا ئەوەی کردووە، هەروەها دەزانین یاریی لەم شێوەیە هەلێکە بۆ ئەوەی تواناکانمان دەربخەین و بەردەوامبین لەسەر پێشکەوتنی تیپەکە، بەڵام لە چوارچێوەیەکی جیاوازدا، بەبێ ترس رووبەڕووی باشترین یاریزان و یەکێک لە باشترین تیپەکان دەبینەوە."
پاوڵۆ لەبارەی کارلۆ ئەنچێلۆتییەوە گوتی "ئەنچێلۆتی بۆ من ئیلهامبەخشە، من هاندەری گەورەی ئەوم، نەک تەنیا وەکو راهێنەر بەڵکو وەکو کەسایەتیش، ئەو نموونەیە بۆ ئێمەی راهێنەران و رووبەڕووبوونەوەی ئەو بۆ من پاڵنەرێکی گەورەیە."
رۆسۆنێری و لۆس بلانکۆس، لەسەر ئاستی فەرمی لە 2010ـەوە هیچ یارییەکیان بەرامبەر یەکدی نەکردووە، هەرچەند لە بۆنە دۆستانەکاندا چەندجارێک یەکدیان بینیووە.
مێژووی یارییەکانیان لەنێوان هەردوولادا هاوسەنگە، هەریەکەیان 6 یارییان بردووەتەوە و 3 رووبەڕووبوونەوەیان بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە، بەڵام ئەوانە تەنیا رابردوون و ئەمشەو لە بێرنابیۆ یەکلادەبێتەوە، ریال مەدرید سێیەم بردنەوە تۆماردەکات، یانیش میلان سێ خاڵ دەباتەوە ئیتاڵیا.